داوای ئازادکردنی ئەو ژنە گەنجەی شارۆچکەی پشدەر دەکرێت کە خۆی لە دەستدرێژی پاراست

ڕژاک داوای ئازادکردنی ئەو ژنە گەنجە دەکات کە لە شارۆچکەی پشدەر لەکاتی دەستدریژیکردنە سەری خۆی پاراست.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٤ی ئایار، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ لە شارەدێی ژاراوەی سەر بە شارۆچکەی پشدەر، کە لەبری باوکی لە دوکانەکەیاندا بووە، پیاوێک چووەتە دوکانەکەیان و هەوڵیداوە دەستدرێژی بکاتە سەری، بەڵام ئەو ژنە گەنجە بۆ بەرگری کردن لەخۆی پیاوەکەی برینداری کردو گیانیلەدەستدا، دوای ڕووداوەکە وترا پیاوەکە نەخۆشی دەروونی هەبووەو ئەو ژنە گەنجە دەستگیرکرا.

 

ڕژاک داوای ئازادکردنی ژنە گەنجەکە دەکات

سەبارەت بەو ڕووداوە، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: بەداخەوە توندوتیژیکردن بەرامبەر ژنان بە هەموو فۆرمەکانیەوە لە سەرانسەری جیهان بە گشتی و لە باشووری کوردستان بەتایبەتی لە پەرەسەندندایە، یەکێک لە بەربڵاوترین جۆرەکانی ئەو توندوتیژیانەش "دەستدرێژی سێکسی"ە، کە بەداخەوە زۆربەی کات مناڵانی کچیش ڕووبەووی ئەو جۆرە توندوتیژیە دەبنەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە نوێترین ڕووداودا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کەسێکی نامرۆڤ هەوڵی داوە دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ،  بەڵام ژنە گەنجەکە بۆ بەرگریکردن لە خۆی و پاراستنی خۆی بەبێ ئەنقەست  و بە هەڵە دەستدرێژیکارەکە دەکوژێت، بەڵام بەداخەوە ئەو ژنە گەنجە سزادراوە و زیندانی کراوە لە کاتێکدا لە ناچاری دا و بۆ بەرگریکردن لە خۆی ئەو کارەی ئەنجام داوە.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی ڕژاک-دا هاتووە: ئێمە وەک ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، ئیدانەی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و سزادانی ئەو کچەش دەکەین و داواکارین بە زووترین کات ئازاد بکرێت.