ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوای پاڵپشتی دارایی بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە دەکات

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، بڕی ٨٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار وەک پاڵپشتی دارایی بۆ ڕووداوی بوومەلەرزەکە پێشکەش بە زیانلێکەوتووان بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٦ی شوبات بوومەلەرزەی وێرانکەر باکووری کوردستان و تورکیا و ڕۆژئاوا کوردستان و سوریای گرتەوە، سەرەڕای گەیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس و برینداربوونی سەدان هەزار کەس، ژمارەیەکی زۆر لە بینا و شارەکان ڕووخاون، ئەو کەسانەی ڕزگاریان بووە پێویستی زۆریان بە یارمەتی ماددی و تەندروستی هەیە.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، هەرچی زووە هاوکاری دارایی بە بڕی ٨٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار پێشکەش بە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە بکرێت.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە پاڵپشتی و گەیاندنی هاوکارییەکان خۆی لە دابینکردنی چارەسەر و هۆکارە تەندروستییەکاندا دەبینێتەوە ئەمەش جگە لە دابینکردنی چەندین ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و پێشکەشکردنی فریاگوزاریی خێرای پزیشکی بە برینداران.