ڕاپۆرتێک: هەڵمەتی سەرکوتکردنی تاڵیبان ژیانی ژنان و کچانی وێران کردووە

ئاگنێس کالامارد، سکرتێری گشتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دووپاتیکردەوە کە تاڵیبان ملیۆنان ژن و کچ لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش دەکات و دەیانخاتە ژێر هەڵاواردنێکی سیستماتیکەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەو کاتەوەی تاڵیبان کۆنترۆڵی ئەفغانستانی کردووە، مافی خوێندن و کارکردن و ئازادی هاتووچۆی ژنان و کچانی زەوتکردووە و بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی هاوسەرگیری منداڵان لەو وڵاتەدا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا پشتڕاستی کردەوە کە هەڵمەتی سەرکوتکردنی تاڵیبان ژیانی ژنان و کچانی وێران کردووە.

 

ئاگنێس کالامارد، سکرتێری گشتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: سیاسەتە دڕندەکانی تاڵیبان مافی ژیانێکی سەلامەت و ئازاد لە ژنان زەوتدەکات، ئەم هەڵمەتە دژی ژنان لە ئەفغانستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپەلە داوای ڕێزگرتن لە تاڵیبان بکات مافەکانی ژنان و کچان.

 

ڕێکخراوەکە داوای لە تاڵیبان کردووە گۆڕانکاری سیاسی و ڕێوشوێنی گەورە بۆ پشتیوانی لە مافەکانی ژنان جێبەجێ بکات، هەروەها داوای لە حکومەتەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بە هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەپەلە ستراتیژییەکی بەهێز و هەماهەنگ بگرنەبەر بۆ پەرەپێدان و جێبەجێکردنی فشار خستنەسەر تاڵیبان بۆ جێبەجێکردنی ئەم گۆڕانکاریانە.

 

ڕێکخراوەکە ئاشکرای کردووە کە ژنان و کچان لە سەرانسەری ئەفغانستان بە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی وەڵامی ئەم هەڵمەتەیان داوەتەوە، بەڵام تاڵیبان بە هەراسانکردن و خراپ مامەڵەکردن و دەستگیرکردن و ڕاگرتنی ئارەزوومەندانە و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەروونی خۆپیشاندەرانی کردووەتە ئامانج، بەپێی لێكۆڵینەوەكانی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، رێژەی هاوسەرگیری منداڵان و هاوسەرگیری زۆرەملیر لە ئەفغانستان لە زیادبووندایە.