"بەکارهێنانی توندوتیژی لەناو دادگادا بێڕێزییە بەرامبەر کەرامەتی مرۆڤ و شکۆی دادگا"

فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و کۆمەڵێک لە کەسایەتی و چالاکی مەدەنی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوایانکرد ئەم ڕووداوە ببێتە خاڵێکی وەچەرخان بۆ ڕێگریکردن و دووبارەنەبوونەوەی هێرشکردن بۆ سەر ژن و هاوڵاتیان.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە بەردەم دادگای سلێمانی لە شاری سلێمانی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و کۆمەڵێک لە کەسایەتی و چالاکی مەدەنی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەرامبەر ‌هێرشکردنە سەر ژمارەیەک ژن لەناو دادگای سلێمانی ڕێکخست.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کارزان فازیل، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی DHRD بەیاننامەی هاوبەشی بەشداربووانی گردبوونەوەکە خوێندرایەوە و ئاماژەیان بەوەدا وەک کۆمەڵێک لە چالاکوانان و یاساناس و پاریزەر و فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی شاری سلێمانی ناڕەزایەتی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر ئەو ڕووداوە نەخوازراوەی ڕێکەوتی ١٣ی حوزەیران لەناو حەرەمی دادگای سلێمانی ڕویدا.

 

"لە پێشووتردا لە هەڵمەتی "گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ شاری سلێمانی" لە داموودەزگا یاسایی و ئەمنیەکاندا دەسنتیشانی ئەو پێشێلکاریانەمان کردبوو و چەندین ڕاسپاردەمان خستبووە ڕوو بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ڕێگری کردن لە پێشێلکاری یاسا و گەڕاندنەوەی سەروەری یاسا و پاراستنی شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ"

 

بەکارهێنانی توندوتیژی هێڵی سورە

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە: مامەڵەی نامرۆڤانە و بەکارهێنانی توندوتیژی لەناو حەرەمی دادگادا هێڵی سورە و بێڕێزییەکی گەورەیە بەرامبەر کەرامەتی مرۆڤ و شکۆی دادگا و یاسا، پێویستە داموودەزگانی لێکۆڵینەوە، لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی و بێلایەن و پیشەی بکەن و تاوانبارانیش سزای یاسای و شایستەی خۆیان وەربگرن.

 

لە کۆتایشدا هاتووە: ئەمە یەکەم جار نییە دۆخی نەخوازراوی لەم شێوەیە ڕوودەدات و هیچ دەرئەنجامێکی چاوەڕوانکراویش لە ڕووداوەکانی پێشووتردا بەدینەهاتووە، ئەمەش وایکرد ئەم حاڵەتە ببێتە دیاردە و چەند جارێک دووبارە ببیتەوە، بۆیە داواکارین ئەم ڕووداوە ببێتە خاڵێکی وەچەرخان بۆ ڕێگریکردن و دووبارەنەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە.

 

"پێویستە هێزە ئەمنییەکان لە سنوری کاریاندا بن و توندوتیژی نەکەن"

شۆخان حەمە ڕەشید، پارێزەری ڕاوێژکار، دەربارەی هێرشکردنە سەر ژنان لەناو دادگادا وتی: دەبێت یاسا بێلایەن بێت لە بڕیاردان بەرامبەر هەموو کەس و لایەنێک، لە هەر پۆستێکدا بێت کە دەچێتە بەردەم دادگاو داوای مافی خۆیان دەکەن، نابێت توندوتیژی بەرامبەر هیچ کەسێک بکرێت.

 

ئەو پارێزەرە وتیشی: پێویستە لەسەر هەموو لایەک سەروەری یاسا و سیستمی دادگاکان بپارێزێت و پشێوی نەنێتەوە، بەڵام هەندێک جار بەهۆی دڵگەرمییەوە لە دادگاکاندا دەبێتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی و پشێوی لەم کاتەدا ئەرکی لایەنەکانە سەروەری دادگا بپارێزن تا دادوەر بتوانێت بڕیارێکی دادپەروەرانە بدات، بەڵام لە سنووری کاری خۆیاندا، بۆیە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان دەبێت لە سنووری کارەکەیاندا چارەسەری توندوتیژییەکان بکەن نەک بە بەکارهێنانی توندوتیژی.

 

تاریق ڕۆستەم، ناسراو بە تاریقی بەقاڵ، باوکی چوار منداڵ، ڕۆژی ١٨-١٢-٢٠١٨بەخۆی و ئۆتۆمبێلەکەیەوە بێسەروشوێن بوو و بە کوژراوی دۆزرایەوە، دوای چوار مانگ هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، باندێکی سێ کەسی دزی و کوشتنیان دەستگیرکرد و ڕایانگەیاند، ئەو باندە دەستیان لە کوشتنی تاریقی بەقاڵدا هەبووە، ١٣ی حوزەیران دوای یەکێک لە دانیشتنەکانی دادگا و بڕیار لەسەر تاوانبارێک ٩ خوشکی ئەو کوژراوە ناڕەزایەتییان دەربڕی و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەناو دادگادا هێرشیان کرایەسەر و شەقیان تێهەڵدرا.