"دەسەڵات دەیەوێت بە ڕێگرییەکان شکۆ و ئیرادەی ئازادیخوازان بشکێنێت"

لە ڕۆژی جیهانی دژی داگیرکاری و بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا داگیرکەر بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان، ڕێپێوانێک ڕێکخرا و هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان کرد لە کاتێکدا مۆڵەتیش وەرگیراوە، چالاکوانێکیش دەڵێت دەیانەوێت دەنگی ئازاد کپ بکەن.

سلێمانی

 

کەمێک لەمەوبەر لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی گردبوونەوەیەک بە پێشەنگایەتی سەکۆی دژی داگیرکاری کە پێکدێت لە کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مادەنی و کەسانی سیاسی و ئازادیخوازان، بە دروشمی "لە دژی داگیرکاری، با هەموومان کوردستان بپارێزین" ئەنجامدرا.

 

چالاکییەکە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی دژی داگیرکاری، بە ئامانجی شەرمەزارکردنی هێرش و داگیرکارییەکانی ڕژێمی فاشیزمی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵكوژی کوردان لە چوار پارچەی کوردستان، سیاسەتی نکوڵیکردن و تێکدانی ژینگە و سروشتی کوردستان ڕیکخرا، بڕیاربوو لە شەقامی سالمەوە بەرەو باخی گشتی بەڕێبکەون، سەرەڕای وەرگرتنی مۆڵەت هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان لە ڕێپێوانەکە کرد.

 

بە پێشەنگایەتی ژنان و بە بەشداری چالاکوانان و ئازادیخوان بە چالاکی دانیشتن وەڵامی ڕێگری هێزە ئەمنییەکانیان درایەوە و ١٠ خولەک شەقامی سەرەکی سالم گیرا، دواتر بە بەیاننامەیەک ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و ڕێگری هێزە مەدەنییەکانیان کرد.

 

"وەک ژنی ئازاد شکاندنی شکۆی ئازادمان قبوڵ ناکەین"

تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، دەربارەی ڕێگرییەکانی ئاسایش و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان ئاماژەی بەوەدا، بۆ ئەنجامدانی ڕێپێوانەکەی ئەمڕۆ مۆڵەتی ئاسایشی سلێمانیان وەرگرتووە، بەڵام ئێستا ڕێگە نادەن ئەنجامی بدەن بۆ ئەو مەبەستەش شەقامیان گرتووە و ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

"ئێمە پێمان خۆش نییە شەقام بگرین و خەڵکی بێزار بکەین، بەڵام پێویستە دەسەڵاتدارانی شاری سلێمانی چاو لە هەولێر نەکەن چونکە خەڵکی سلێمانی هۆشیارە و ئازادی خوازە".

 

تارا حسێن باسی لەوەکرد هەمیشە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شاری سلێمانی لە سەرای ئازادی ئەنجام دەدرا دواتر گۆڕیان و کردیان بە باخی گشتی و لە کۆتایدا بۆ باخی نالی، بەڵام ئێستا ڕێگری ئەوەش دەکەن و دەڵێن نابێت بە شەقامی سەرەکیدا بڕۆن و دەیانەوێت شکۆی ئازادیخواز بە پلان بشکێنن، "وەک ژنی ئازاد شکانی شکۆی خۆمان قبوڵ ناکەین و ئەوەی لە تواناماندا بێت لە ڕێگای چالاکی مەدەنییەوە ئەنجامی دەدەین، داوا دەکەین لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و دەسەڵاتەکەی خاوەن یەک بڕیار بن و یەک کەس بڕیار بدات، نەک ڕۆژێک یەکێک بڕیار بدات و دواتر پاشگەز ببێتەوە لە ژێر کاریگەری دەوڵەتان و کەسانی دیکەدا".

 

"لە پێناو ڕازیکردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ڕێگری لە ئازادیخوازان دەکرێت"

ڕوناک مەجید، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، دەربارەی ئەنجامنەدانی ڕێپێوانەکەی ئەمڕۆ و ئامانجی ڕێپێوانەکە، وتی "سەکۆی دژی داگیرکاری بەردەوام بە ئامانجی وەستاندنەوە بە ڕووی داگیرکاراندا دەوەستێتەوە و چالاکی ئەنجام دەدات، لە ئاست هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بۆ ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی دەدات بە پێویست زانرا ڕێپێوان بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکان ئەنجام بدرێت، بەڵام لە پاش وەرگرتنی مۆڵەت ڕێگری لە چالاکوانە مەدەنییەکان دەکرێت، تەنها لە پێناو ڕازیکردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا".

 

دەوڵەتی تورکیا ژیانی هاوڵاتیانی کردووەتە مەترسییەوە

لە کۆتایدا بەیاننامەی سەکۆی دژی داگیرکاری لەلایەن هاوڕێ بەختیار خوێندرایەوە و تیایدا هاتبوو: دەوڵەتانی داگیرکەری تورکیا و ئێران و سوریا هەرگیزاو هەرگیز بڕوایان بە چارەسەرکردنی کێشەی ماف و ئازادی گەلی کورد نەبووە، بە شێوازێکی ئاشتیانە و بە درێژایی مێژوو دژایەتی گەلی کوردیان کردووە، سەرەتایترین مافی نەتەوەی کوردیان ژێرپێ خستووە و نکۆڵیان لە مافە کلتوری، سیاسی و فەرهەنگییەکان و ناسنامەی گەلی کورد کردووە.

 

هەمیشە لە ڕێگای بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو، کۆمەڵکوژی و هێرشە یەک لە دوا یەکەکان هەوڵی لەناوبردنی گەلی کوردیان داوە و مافەکانیان پێشێلکردووە، لە ئێستاشدا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە ئاشکرا و بە بەرچاوی دەوڵەتانی دیکەوە هێرش دەکاتە سەر باشور و ڕۆژئاوای کوردستان و چەندین کیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی کوردستانەوە، ژمارەیەکی زۆر دێهاتی داگیرکردووە و دۆخی خەڵکی بەوهۆیەوە کەوتووەتە مەترسییەوە.