دەهەمین ساڵیادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی پاریس بەڕێوەدەچێت
لە ساڵیادی وەبیرهێنانەوەی سێ ژنە تێکۆشەر و چالاکی کورد کە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا تیرۆرکران، بە دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی" چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت و خەڵاتی " ساکینە جانسز دەبەخشرێت بە سێ ژنی چالاکی کورد کە تێکۆشانی ژنانیان بەرەوپێشبردووە.
ناوەندی هەواڵ
لە ساڵیادی وەبیرهێنانەوەی سێ ژنە تێکۆشەر و چالاکی کورد کە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا تیرۆرکران، بە دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی" چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت.
پێشانگایەکی وێنەی شەهیدانی پاریس، لەگەڵیدا کتێبی ژنە تێکۆشەر ساکینە جانسز " هەموو ژیانم تێکۆشان بوو" و نامیلکەی " ژن، ژیان، ئازادی" و کتێبی " سەدەی بیست و یەک سەدەی ژنە" بڵاودەکرێتەوە و سینەفزیۆنی ژیانی ساکینە جانسز نمایش دەکرێت، و هەر لە مەراسیمەکەدا ساڵانە خەڵاتی " ساکینە جانسز" دەبەخشرێت بە چەندین ژنی چالاکی کورد کە ئەو ساڵە توانیویانە شوێن دەستی خۆیان لە بەرەوپێشبردنی تێکۆشانی ژن دیاریبکەن، کە خەڵاتەکە لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان " ڕژاک" دەبەخشرێت، بەهەمان شێوە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کورستان سیمینار و چالاکی بەڕێوەدەچێت.
مەراسیمی وەبیرهێنانەوەی سێ ژنە تێکۆشەر و چالاکی کورد کە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا تیرۆرکران لە شاری سلێمانی ڕۆژی دوو شەمە ٩ کانوونی دووەم بەڕێوەدەچێت.
شوێن: سلێمانی- هۆڵی ئەکواپارک بەرامبەر پارێزگای سلێمانی
کاتژمێر: ١ پاشنیوەڕۆ