سەکۆی دژی داگیرکاری  کۆنگرەیەکی ناڕەزایی لەبەردەم نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدا

بەمەبەستی ئیدانەکردنی داگیرکاری و لەشکرکێشیەکانی دەوڵەتی تورکیا سەکۆی دژی داگیرکاری کۆنگرەیەکی ناڕەزایی لەبەردەم نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدا.

سلێمانی

کاتژمێر ١١ پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەکۆی دژی داگیرکاری بە مەبەستی ئیدانەکردنی داگیرکاری و لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کورستان کۆنگرەکەیەکی ناڕەزایی ئەنجامدا.

ئەمە لە کاتێکدایە دەوڵەتى تورکیا لەدوانیوەرۆی  ٢٠ی  ئەم مانگەدا تۆپبارانى گوندى پەرەخى لە سنوورى زاخۆ کرد و بەهۆیەوە نۆ گەشتیار گیانیان لەدەستدا و ٢٣ی دیکەش بریندار بوون، کە سەرجەمیان لە نەتەوەی عەرەب بوون و خەڵکی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن.

ڕووناک مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی تەڤگەری کۆمەڵگەی ئازادی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە ئەمڕۆ لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان لە زاخۆ گردبوونەتەوە، وتی: "  دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین کاتێک دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری حوکمەتی هەرێمی کوردستان کە پارتی دیموکراتی کوردستان سەرۆکایەتی دەکات دێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان بە قوڵای ٣٠ کیلۆمەتر و زیاتر لە ٣٠٠ کیلۆمەتر بە درۆن هێرشەکانی ئەنجامدەدات بۆ بەدەیهێنانی بەرژەوەندییەکانی نێوانیان و مانەوەی بنەماڵەی بارزانی لە دەسەڵاتدا، ڕۆژانە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامی هەیە و شەڕەڤانانی ئازادی و هاوڵاتیانی سیڤیڵ دەبنە قوربانی، لەبەرئەوەی حوکمەتی هەریمی کوردستان لە ژێر سایەی دەوڵەتی بێگانەدایە و پارێزگاری لە هاوڵاتیانی خۆی ناکات، بەڵام ئەم جارە حوکمەتی عێراقی هاتە دەنگ و خاوەنداری لە گەلەکەی خۆی کرد."

 

لە سەرەتای کۆنگرەکەدا بەختیار مستەفا نوێنەری بەرەی سەکۆی دژی داگیرکاری بەیاننامەی بەرەکەی خوێندەوە و وتی: " دەوڵەتی تورکیا بەبەرچاوی هەمووانەوە بە پاساوی بێ بنەما بۆردومانی ناوچەی گەشتیاری پەرەخ لە زاخۆ دەکات بەو هۆیەشەوە ٩ هاوڵاتی شەهید بوون و ٢٩ کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن چونکە ئەم ڕژێمە گوی بەوە نادات ئەوانەی دەبنە قوربانی کێن."

 

سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتەی خۆی پێشکەشکرد و وتی: "٪٤٠ خاکی دهۆک لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیادایە و نزیکەی ٣٠ بارەگای سەربازی و هەواڵگری لە هەرێمی کوردستان دانراوە، دەوترێت ئەم جارە هاوڵاتییە عەرەبەکانی عێراق کە بوون بە قوربانی هەڵوێستەکان توند تر بوون لە لایەن عێراقەوە ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە حوکمەتی هەرێمی کوردستان بەر پرسیارە لە خوێنی هاوڵاتییەکانی پێش عێراق کاتێک لە ئابی ساڵی ٢٠١٥ بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی سی پی تی ١٣٨ هاوڵاتی  مەدەنی هەرێمی کورستان بەهۆی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکیا گیانیان لەدەستداوە بەڵام حوکمەتی هەرێم هیچ هەڵوێستێکی نەبووە."