سێیەمین کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی بە بەشداری ڕێژەیەکی زۆری ژنان بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ سێیەمین کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، هەریەک لە تارا حسێن و سەلام عەبدوڵا وەک هاوسەرۆکانی نوێ هەڵبژێردران.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی هۆتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی بە بەشداری زیاتر لە هەزار کەس لە شارە جیاوازەکانی باشوری کوردستانەوە، سێیەمین کۆنگرەی گشتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بە دروشمی "بە پەروەردە و ڕێکخستنی کۆمەڵگە کوردستانێکی ئازاد و عێراقێکی دیموکرات بونیاد دەنێین" بەسترا و تێیدا لایەنە سیاسییەکان و نوێنەری حزبەکان بەشدار بوون.

 

کۆنگرە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستیپێکرد، پاشان محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان وتاری دەستپێکی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکانی دەوڵەتانی دراوسێ بۆ سەر کوردستان و بە ئامانجگرتنی شۆڕشگێڕان بەردەوامە، هەروەها مەترسی داعش و هێرشەکانی خستەڕوو، وتیشی: نەبوونی سیستمێکی دیموکراتییک و نەتەوەیی و هەڵسوکەوتی تاکڕەوانە و نابەرپرسانەی پەدەکە هەرێمی کوردستانی دووچاری دەیان کێشە و شەڕ و قەیران کردووە، لە کاتێکدا لە شەڕی داعش گەریلا و شەرڤان و پێشمەرگە بوون بە یەک لە یەک سەنگەردا کوردستانیان پاراست، کە ئەمە دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ بەستنی یەکێتی نەتەوەیی کورد.

 

لە درێژەی کۆنگرەکەدا بروسکەی پیرۆزبایی لایەنەکان بۆ سێیەمین کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی خوێندرایەوە، تارا حسێن، جێگری پێشووی هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی دۆخی ڕێکخستنی خوێندەوە، پاشان شەهێن محەمەد، هاوسەرۆکی پێشووی تەڤگەری ئازادی پەیماننامەی نوێی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستانی خوێندەوە و گفتوگۆ لەبارەیانەوە کرا.

 

بە  هەڵبژاردن لەلایەن ئەندامانی بەشداربووی کۆنگرەوە، هەریەک لە هاوسەرۆکانی نوێی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان هەڵبژێردران کە تارا حسێن و سەلام عەبدوڵان.

 

لە درێژەی کارەکانی کۆنگرەدا لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی هەڵبژێردران، کە پێکدێن لە ١٦ ئەندام لە هەرێمە جیاوازەکانی باشووری کوردستان وەک ئەندامی نوێی ئەنجومەنی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان هەڵبژێردران.

 

گوڵباخ جەلال، ئەندامی تەڤگەری ئازادی لە هەرێمی گەرمیان، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرکەوتنی کۆنگرە دەکات و ئاماژەی بەوەدا کە ڕێژەی بەشداری ژنان لە ئاستێکی باشدایە و تەڤگەری ئازادی کە سیستمی هاوسەرۆکایەتی پەیڕەو دەکات، ژنان توانیویانە ئاستی باش ببڕن.

 

گوڵباخ جەلال ئەوەشی خستەڕوو کە کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی بۆ نوێبوونەوەیە و هیواخوازە لە داهاتوودا ببێتە نمونەی پارتێکی سیاسی و ڕێکخستنی کە تەواوی کۆمەڵگەی لێ پێکبێت.

 

سێیەمین کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بەردەوامی هەبوو، لە کۆتاییدا ئەنجامنامەی کۆنگرە و پرۆژەی کاری داهاتوو خوێندرایەوە.