دایکانی شەنگال: شەهیدەکانمان بەگیانی خۆیان ژیانێکی ئازادیان پێبەخشین
دایکانی شەنگال دەربارەی شەڕڤانان کیندا زین و بەرچەم تورجەل ڕایانگەیاند، بە خەباتی ئەوان شەنگال بەرخۆدان دەکات، هەم شۆڕشگێڕان و هەم پێشەنگانی تێکۆشانی ژنانی کورد بە مامۆستای ژیان پێناسەیان کرد و بەڵێنیاندا کە بەردەوام بن لە دۆزی ئازادی ژنان.
ئەمیرە زۆزان
شەنگال-ڕۆژی ٣٠ی کانوونی دووەم، کۆمیتەی پشتیوانی لە خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لێدوانێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو: پێشەنگانی تێکۆشانی ئازادی ژنان، بەرچەم تورجەل (هبرزە ئۆزدوراک) و کیندا زین (فاتمە ئۆنوور) لە بەروارە جیاوازەکانی ساڵی ٢٠٢٢دا لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە ناوچەکانی پاراستنی مەدیا گیانیان لەدەستدا، ئەو دوو شۆڕشگێڕە ماوەی ٣٠ ساڵ لە زۆر ناوچەی کوردستان تێکۆشان و شەڕیان کردووە، لە ساڵی ٢٠١٤دا لەگەڵ هەڤاڵەکانیان چوونە شەنگال بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی ئێزدی لە کۆمەڵکوژی ڕزگار بکەن و بۆ ماوەیەک لەگەڵ ژنانی ئێزدیدا لە کارو خەباتدا بوون، دایکانی ئێزدی بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد و ڕایانگەیاند، کە کیندا زین و بەرچەم تورجەل بوونەتە مامۆستای ژیانی ئازاد بۆ ژنانی ئێزدی.
"بۆ ئەوەی فێری ڕێپێوانی ئازادیمان بکات، ڕووی لە شەنگال کرد"
وەزحە ڕەشۆ کە ماوەیەک لەگەڵ کیندا زین کار و خەباتی کردووە لە سەرەتای قسەکانیدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو دوو شۆڕشگێڕە کرد و دەستی بە قسەکانی کرد و وتی: لە کەسایەتی هەڤال کیندا زیندا سەری ڕێز بۆ هەموو شەهیدان دادەنەوێنین، سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی دەکەم، لە فەرمانەکەدا هەڤاڵ کیندا ڕووی لە شەنگال کرد بۆ ئەوەی ژنانی ئێزدیمان بۆ رێکبخات و ڕێپێوانی ئازادیمان فێر بکات، دوای ئەوەی هەڤاڵ کیندا هێزی ژنانی ڕێبەر ئاپۆی بە هەموو ژنان بەخشی و جارێکی تر ڕووی کردە چیا ئازادەکانی کوردستان، ڕۆشت و لە ڕیزەکانی گەریلادا شەهید بوو سەری ڕێز بۆ هەموو ئەو شەهیدانە دادەنەوێنم کە بۆ ژیانێکی ئازاد کاریان کردووە".
"ئەو مامۆستای ژیانم بوو"
وەزحە لە قسەکانیدا کیندا زینی بە مامۆستای ژیانی خۆی پێناسە کرد و وتی: لەو کاتەوەی هەڤاڵ کیندا هات بۆ شەنگال، من و ئەو پێکەوە کارمان دەکرد و زۆر لە ژنانی ئێزدی نزیک بووینەوە و هەمیشە دەیوت کە جارێکی دیکە ڕێگە بە داعش و هیچ هێزێکی تر نادەن هێرش بکەنە سەر ئێزدییەکان، هەمیشە دەیوت دەبێت دژی ئەوانە بووەستن کە خیانەتیان لێکردوون و بە هێز و توانای خۆیان ڕایانبگرن، کاتێک هەڤاڵ کیندا چیاکانی شەنگالی بەجێهێشت، شەنگالی ئامانەتی من کرد و وتی کە تا دوا دڵۆپی خوێنمان ڕێگە بە دایکە ئێزدیەکانمان نادەین چیتر ئازار بکێشن، هەڤاڵ کیندا بۆ ئێمە مامۆستا بوو.
"بە سایەی شۆڕشگێڕان، هەست بە ئازادی دەکەین"
لە کۆتایی قسەکانیدا وەزحە رەشۆ هەموو ئەو شۆڕشگێڕانەی بەبیرهێنایەوە کە لە تێکۆشانی ئازادیدا گیانیان لەدەستداوە و وتی: هەرگیز ئەو کارە لەبیرناکەین کە شەهیدان بۆ ئێمەیان کردووە بەتایبەتی بۆ دایکانمان، ئێمە هەرچیەک لە دەستمان بێت دەیکەین ئێمە هەمیشە بە دوای ئەواندا دەبین و هەرگیز هەنگاو بۆ دواوە نانێین.
"ئێمە بەقەد ئازاری شەهیدبوونیان بەهێزین"
عەمشە کورکورکی، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ باسی لەو دوو شەڕڤانە کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە هەرگیز کاری ئەو شەهیدانە لەبیرناکەن و وتی: ئەو هەڤاڵانە زۆر خەباتیان بۆ کۆمەڵگەی ئێمە کردووە و بۆ ئەوەی خۆمان بێین و هێزمان کۆبکەینەوە، لە شەنگال کار و خەباتی بەرفراوانیان ئەنجامدا، هەزاران هەڤاڵی گەریلا لە شەنگال بوون و ئێستا شەهید بوون، ئێمە زۆر غەمبارین بە شەهیدبوونی ئەو ڕۆڵانەی کە ژیانیان بە ئێمە بەخشی، جارێکی تر ئەو هەڤاڵانەمان بەبیردێتەوە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان دەکەین.