ڕژاک: بایکۆتی کاڵای تورکی بکەن

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی گەلی ئێزدیدا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا، کڕینی هەر کاڵایەک دەبێتە بۆمب و لە دژی گەلی خۆمان بەکاردێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بەبۆنەی هەشتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی گەلی ئێزدی لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە و داوایانکرد گەلی کورد و ژنان بایکۆتی کاڵای تورکی بکەن و نەبنە هاوکاری دەوڵەتی تورکیا بە کڕینی کاڵاکانیان.

 

 

دەقی بەیاننامەکەی ڕژاک بەمشێوەیەیە:

"بەبۆنەی ٨ ساڵەی کۆمەڵکوژی گەلی ئێزدی لە ساڵی ٢٠١٤، ئەو فەرمانەی لەسەر قڕکردنی گەل بۆ لەناوبردنی ژنانی شەنگال بەدەستی ڕەشی داعش ئەنجامدرا، لەناو ئەو قڕکردنەدا ژن و منداڵ بوونە قوربانی، لە کاتێکدا ١١ هەزار پێشمەرگەی پەدەکە و سوپای عێراقی لە ناو شەنگالدا بوون و نەیانتوانی بەرگری لە گەلی شەنگال بکەن و تەنیا جێیانهێشتن، لەو کارەساتەدا هەزارەها خەڵکی شەنگال ڕووبەڕووی کوشتن و زیندە بەچاڵکردن و بە کۆیلەکردنی کچان و ژنانی ئێزدی بوونەوە و تا ئەم ساتەش چەندین دیل لەژێردەستی داعشدا داماون.

 

لە دوای ساڵی ٢٠١٤ بە دەستی تورک چەندین پێشەنگی گەلی ئێزدی بوونەتە قوربانی، بۆیە داوامان لە هەرچی هێز و لایەنەکانی باشووری کوردستانە لەسەر ئەو داگیرکارییەی کە لە باشووری کوردستان و شەنگال ئەنجام دەدرێت بێدەنگ نەبن، چونکە لەناویدا گەلانی تریش دەبنە قوربانی دەستی دەوڵەتی تورکیا، وەک ڕژاک داوا دەکەین گەلی کورد بایکۆتی کاڵای تورکی بکەن، چونکە کڕینی هەر کاڵایەک دەبێتە بۆمب و لە دژی گەلی خۆمان بەکاردێتەوە.

 

ئێمە وەک ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگالدا بەڵێنی بایکۆتکردنی کاڵای تورکی دەدەین، دەڵێین "نا بۆ کڕینی کاڵای تورکی" ئەو بریارەش بەهۆیەوە دەردەکەین کەلەم ماوەیەدا لە شاری زاخۆ لە ناوچەیەکی گەشتیاریدا بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە ٩ شەهید و ٢٦ برینداری لێکەوتەوە، کە سەرجەمیان خەڵکی ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بوون، ئێمەش وەک هاوڵاتییانی عێراقی پاڵپشتی داواکارییەکانی خوشک و برا عەرەبەکان دەکەین و دەڵێن سوپای تورکیا بۆ دەرەوە لە خاکی عێراق".