CFWIJ: بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان تاوانێکی جەنگە

هاوپەیمانی ژنان لە ڕۆژنامەگەریدا سەبارەت بە بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین ڕایگەیاند: بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنوسان تاوانی جەنگە.

ناوەندی هەواڵ

 

هاوپەیمانی ژنان لە ڕۆژنامەگەریدا ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی سەبارەت بە ڕۆژنامەنووسان، جیهان بیلگین و نازم داشتان بڵاوکردەوە، کە لە ١٩ی کانوونی دووەمدا لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە لە نزیک بەنداوی تشرین کرانە ئامانج.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا وێرای باسکردن لە بەئامانجگرتنی هەردوو ڕۆژنامەنووس جیهان بیلگین و نازم داشتان، ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینیشیان بە بیرهێنایەوە کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە سلێمانی گیانیان بەختکرد.

 

"دەبێت تورکیا بەرپرسیاری بخرێتەسەر"
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەم هێرشە دەکەین و بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا ئەو ڕۆژنامەنووسانە بە ئەنقەست کراونەتە ئامانج یان نا، دەمانەوێت دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ دەست پێبکرێت". سەرەڕای زانینی ئەوەی کە بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان لە ناوچە جەنگییەکان تاوانی جەنگە، بەڵام ئاماری کوشتن و برینداربوونی ڕۆژنامەنووسانی کورد لەلایەن تورکیاوە بە هۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا ڕوو لە زیادبوونە. پێویستە تورکیا بەرپرسیار ببینرێت لەو کارە. پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی جیهان و نازم و هاوکاران و ئازیزانیان دەکەین”.