لە هەرێمی کوردستان مردنی دایکان و منداڵانی تازە لەدایکبوو کەمی کردووە

لە هەرێمی کوردستان لەماوەی ١٠ ساڵدا ڕێژەی مردنی دایکان و منداڵانی تازە لەدایکبوو کەمیکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی- WHO تەنیا لە ساڵی ٢٠٢١دا، نزیكەی ٢٨٧ هەزار دایك لە كاتی منداڵبوون یان ٤٢ ڕۆژ دوای كاریگەرییەكانی منداڵبوون گیانیان لەدەستداوە، ڕێژەی ٩٥٪ی ئەو مردنەش لەو وڵاتانە بووە، كە داهاتی نزم و مامناوەندیان هەیە و كەرتی تەندروستییان وەكو پێویست نییە، ٨٧٪ ی ڕێژەی ئەو مردنەش، لە وڵاتانی باشووری ئەفریقا و باشووری ئاسیا بووە.

 

لە ساڵی ٢٠٢٢ مردنی دایکان و منداڵان گەیشتووەتە نزمترین ئاست

بە پێی داتاكانی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا واتە لە ساڵانی ٢٠١١-٢٠٢٢ ڕێژەی مردنی منداڵان بە بەردەوامی كەم بووەتەوە، بە جۆرێك لە ساڵی ٢٠٢٢گەیشتوەتە نزمترین ئاستی خۆی، لە ساڵی ٢٠١١، ڕێژەی مردنی منداڵانی خوار٥  ساڵ، بۆ هەر هەزار منداڵێك، ٣٢ منداڵ بووە، مردنی منداڵانی خوار یەك ساڵییش، بۆ هەر هەزار منداڵێك، ٢٨ منداڵ بووە، هەروەها بۆ منداڵانی خوار یەك مانگی، بۆ هەر هەزار منداڵێك، ٢١ منداڵ بووە.

 

لە ساڵی ٢٠٢٢، ئاماری مردنی منداڵان زۆر دابەزیوە و مردنی منداڵانی خوار٥ ساڵ بۆ هەر هەزار منداڵێك، ١٠.٢ منداڵ بووە، مردنی منداڵانی خوار یەك ساڵی، بۆ هەر هەزار منداڵێك، ٨.٧ بووە، مردنی منداڵانی خوار یەك مانگییش بۆ هەر هەزار منداڵێك، ٥.٨ منداڵ بووە.

 

هۆكاری سەرەكیی مردنی منداڵانی تازە لەدایكبوو و منداڵانی ١-٥ ساڵی، بە گشتی بریتییە لە لەدایكبوونی پێشوەختە، هەوكردنی سییەكان، سكچوون، كەموكوڕی لە پرۆسەی لەدایكبوون، مەلاریا، بەدخۆراكی، خنكان و كێشەی هەناسەدان.