نوێنەرایەتی پەیەدە لە سلێمانی: ئیدانەی شەهیدکردنی ٤ هاوڵاتیەکەی عەفرین دەکەین
لەسەر ئاگر کردنەوەی نەورۆزی جەژنی نەتەوەیی کورد، ٤ هاوڵاتی لە عەفرین لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە شەهیدکران و نوێنەرایەتی پەیەدەش ئیدانەی ئەو کارە نامرۆڤانەیە دەکات.
سلێمانی
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، نوێنەرایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە لە بارەگای نوێنەرایەتی پەیەدە لە شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی سەبارەت بەو ٤ هاوڵاتیە کوردەی کە لەسەر ئاگر کردنەوەی نەورۆز لە عەفرین شەهیدکران، بەست.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، جاویدان کەمال، نوێنەری پەیەدە بەیاننامەیەکی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا، لە شەوی جەژنی نەورۆز، جەژنی ئازادی، بەرخۆدان و ئاشتی کە گەلی کورد هەموو ساڵێک لەگەڵ گەلانی تر ئەم جەژنە پیرۆز دەکەن، لەکاتێکدا کەسایەتی ناودار و گەلانی ئازادیخواز پیرۆزبایی ئەم جەژنەیان لە کورد دەکرد، گروپێکی چەتە و خوێنڕێژی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بەردوام بوون لە تاوانی دژە مرۆڤایەتی لە عەفرینی داگیرکراو، بە تایبەتی لە جەندرێس کە ٤ هاوڵاتی کوردی ڕەسەنی نیشتیمانپەروەریان لە کاتی داگیرساندنی ئاگری جەژنی نەتەوەی گەلی کورد، جەژنی نەورۆز شەهید کرد.
جاویدان کەمال بە ناوی ئەنجومەنی پەیەدەوە ڕایگەیاند، "ئەم تاوانە بە توندی شەرمەزار دەکەین، دەوڵەتی تورکیا بە بەرپرسیار دەبینین لە بەرامبەر ڕشتنی خوێنی ئەم چوار هاوڵاتییە و داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی دەکەین فشار بخەنە سەر تورکیا بۆ کۆتاییهێنان بەم داگیرکاریە کە لە عەفرین و گرێسپی و سەرێکانی و ناوچەکانی تری سەر بە سوریا بەڕێوەی دەبات.
لە کۆتایشدا جەختیکردەوە، "ئێمە وەکو گەلی کورد دووپاتی دەکەینەوە کە کۆڵنادەین و بەردەوام دەبین لە خەبات و تێکۆشانی ڕەوامان، تاکو داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا تێکبشکێنین و خاکی خۆمان ڕزگار بکەین و مافی گەلی خۆمان بەدەستبهێنین".