ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستیان بە چالاکییەکانی ٨ی ئادار کرد

پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە دروشمی "ژن، ژیان. ئازادی هەنگاو بەرەو شۆڕشی ژنان" چالاکییەکانی ٨ی ئاداریان ڕاگەیاند.

قامیشلۆ

 

٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان نزیک دەبێتەوە، بەم بۆنەیەوە پلاتفۆڕمی چالاکی هاوبەشی بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی هەنگاو بەرەو شۆڕشی ژنان" لە یاریگای شەهیدانی ١٢ی ئادار لە شاری قامیشلۆ بە ئامادەبوونی دەیان دەزگاو دامەزراوە و ڕێکخراوی ژنان، چالاکییەکانی ٨ی ئاداریان ڕاگەیاند.

 

ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن ڕیحان تەمۆ، وتەبێژی کۆمیتەی ژینگەیی کۆنگرەی ستار خوێندرایەوە و تیایدا هاتووە، "لە سەرەتای مێژووەوە ژنان گرنگترین ڕۆڵیان بینیوە لە دامەزراندنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا،  پێشەنگ و هێزی سەرەکی بوون لە بونیادنان و گەشەپێدانی کۆمەڵگەدا، سەرەڕای ئەوەش کۆمەڵگەی دایکایەتی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و ئازاد و بێ شەڕ و ململانێ و دادپەروەری بوو، بەڵام بە دامەزراندنی سیستمی دەوڵەتی پیاوسالاری کە لەسەر حسابی کرێکاران و بەهاکانی ژنان دامەزرا، ژنان لە ئاست و هۆش بێبەشکران، چونکە ئەم سیستمە دەزانێت ئەگەر ژن کۆیلە نەبێت، ناتوانن سەروەریی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن و بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە دەسەڵاتدا جێبەجی بکەن، بەم شێوەیە ژنان هەم بە کۆیلە بوون و هەم لە هەموو بوارەکانی ژیان دوورخرابوونەوە، وەک سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتووری، ژن کە خوداوەند بوو، کرایە کۆیلە، تەنها وەک ئامڕازێک بوو بۆ هێنانی منداڵان و بازرگانیکردن بەکاردەهێنرا.

 

"دەسەڵاتداران مافی ژنان دەخۆن و تاوانی توندوتیژی ئەنجام دەدەن"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا سەرنج خرایەسەر ژنانی پێشەنگ و تیایدا هاتووە، "لە ٨ی ئاداری ١٨٥٧ ڕۆژێکی ئازاربەخش بوو کە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەنجامدرا، ئەو ژنەی ڕووبەڕووی کۆیلایەتی و چەوساندنەوە و داگیرکاری بوویەوە بووە ئامانجی عەقڵییەتی سێکسی و سیستمی فەرمانڕەوایی، تێکۆشانی ژنانی کارگە، تا ڕۆزا لوکسەمبۆرگ، لەیلا قاسم، سارا، ڕۆژبین، ڕۆناهی، ئەڤین، ژینا ئەمینی، ژیان، ناگیهان، ویداد، هیند، سەدا، چیچەک و زەینەبەکان بەردەوامن، ئەم سیستمەی دەسەڵات باش دەزانێت کاتێک ژنێک لە مێژووی خۆی تێدەگات مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر بەرژەوەندی و دەسەڵاتەکەی، ئەوەی لە ئەفغانستان و ئێران و تورکیا و سوریا ڕوودەدات لە جینۆسایدکردنی مافەکانی ژنان و بەکارهێنانی تاوانی توندوتیژ و کۆمەڵکوژ بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە دەوڵەتی تورک داگیری کردووە و بەئامانجگرتنی پیشەنگەکانی شۆڕش ئەمە ڕوون دەکاتەوە.

 

"با ئەم سەدەیە بکەینە، سەدەی ئازادیی ژن"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا پیرۆزبایی ٨ی ئادار لە هەموو ژنان و بە تایبەتی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کراوە و تیایدا هاتووە، "بە ناوی پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی سەرجەم بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەبۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان لە هەموو ژنانی جیهان بە تایبەتی ڕاپەڕینی ژنان لە ئێران و بڵاوبوونەوەی درەوشانەوە و ڕاپەڕینی "ژن ژیان ئازادی" پیرۆز دەکەین، ئەم ڕۆژە لە ڕێبەری مرۆڤایەتی عەبدوڵا ئۆجالان پیرۆز دەکەین، کە بیردۆزی ئازادی ژنانی پێشکەش کردین، بۆ ئەوەی بتوانین بە بیرۆکەیەکی ئازادەوە تێبکۆشین بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و ژیانێکی مانادار داوا لە هەموو ژنانی جیهان دەکەین کە پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ژنان بکەن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، یەکڕیزیی و هاوهەڵوێستیمان بەهێز دەکەین و هێڵی بەرخۆدان بەرزدەکەینەوە لە دژی هەموو پیلان و پیلانگێڕییەکی دژ بە ژنان و ناوچەکە پەیڕەو دەکرێت، کاتی ئەوە هاتووە ئەمڕۆ بگۆڕین بۆ ڕۆژی ئازادی و دیموکراسی، با مانگی ئادار بکەینە مانگی بەرخۆدان و تێکۆشان.

 

"بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ئاهەنگ ناگێڕدرێت"

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەو چالاکییانەی کە ئەنجام دەدرێت بەم شێوەیە خرایەڕوو، "هەنگاوی ٨ی ئادار بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی هەنگاو بەرەو شۆڕشی ژنان" ڕادەگەیەنین، هەموو ئاهەنگ و چالاکییە هونەرییەکان ڕاگیران، بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە کە هەزاران کەس لە ژێر داروپەردوودا مانەوە و گیانیان لەدەستدا.

 

زنجیرە چالاکییەکان بەم شێوەیەیە:

-لە ٨ی ئاداردا لە سەرجەم کۆمیتەکان و گوندەکان و شار و ڕێکخراوەکان سیمینار ساز دەکرێت.

-ڕووناک کردنەوەی دەروازەکانی شار و دانانی لافیتە بۆ ڕازاندنەوە.

-دروستکردنی پانێڵ، بەرنامەکان و پلاتفۆرمەکان.

-لە ٨ی ئاداردا لە هەموو کانتۆنەکان ڕێپێوانی جەماوەری ئەنجام دەدرێت.