ئێران، تا ئێستا ٢٤ ڕۆژنامەنووس لە زیندان ڕاگیراون

لیژنە و ئەنجومەنی کارگێڕی بۆ بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەرکراو ڕایگەیاند کە تا ئێستا ٢٤ ڕۆژنامەنووس لە زینداندان.

ناوەندی هەواڵ

 

لیژنە و ئەنجومەنی کارگێڕی بۆ بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەرکراو، لیستی کۆتایی دۆخی ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەرکراویان لە ئێران ئامادەکرد، بەگوێرەی ڕاپۆرتە فەرمییەکان لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە تا ئێستا ٢٤ ڕۆژنامەنووس لە زینداندا بە دەستبەسەرکراوی ماونەتەوە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەوە دەستگیرکراون، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی فەرمی و نافەرمی، نزیکەی ١٠٠ڕۆژنامەنووسە، کە بەشێکیان توانیویانە بە کەفالەت ئازاد بکرێن، ڕاشیانگەیاند، کاردەکەن لەسەر پەیوەندیکردن بۆ بەدەستهێنانی زانیاری نوێتر لەسەر دۆخی ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەرکراو و داوای ئازادکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکەن، بە بەکارهێنانی شێوازی یاسایی و مەدەنی و کارکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و دامەزراوەکان.

 

ئەمانەی خوارەوە ناوی بەشێک لەو ڕۆژنامەنووسانەن کە تا ئێستاش دەستبەسەرن: "نیلوفەر حەمیدی، ئیلاهە محەمەدی، ویدا ڕەبانی، فەرخوندە ئاشووری، فەرزانە یەحیا ئابادی، مەلیحە دێرکی، مارال درئافرین، نەسیم سوڵتان بیجی، مەلیکە هاشمی، سەعیدە شەفیعی و میهرنوش زارع هانزیکی و چەندانی دیکەن."