سوپای پاسداران هەوڵدەدات کەسوکاری قوربانیانی فڕۆکە ئۆکرانییەکە بە پارە بێدەنگ بکات

لە سێهەمین ساڵیادی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە، سەرەڕای بارودۆخی ئەمنی توند هاوڵاتیان گردبوونەوە و ڕێزیان لە یادی ئەو کەسانە گرت کە گیانیان لەدەستداوە، بەهۆی هەڕەشەی سوپاوە لە خێزانەکان بەشداری مەراسیمەکەیان نەکرد.

لارا گەوهەری

 

مهاباد- بەرەبەیانییەکی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠، لە ئاسمانی ئێران، سێ مووشەکی سوپای پاسداران ئاراستەی فڕۆکەی نەفەرهەڵگری ئۆکراینی ٧٥٢ کران، یەکێک لە موشەکەکان فڕۆکەکە دەپێکێت و لە چرکەیەکدا ١٧٦ سەرنشین گیانیان لەدەستدا، کە دوانزە لەو سەرنشینانە کورد بوون.

 

کوردیا مۆلانی، هیوا مۆلانی، ئەڤین ئەرسلانی، فاتیمە (سروە) پاسەوەند و عایشە "سنور" پوور قادری خەڵکی شاری مهاباد لەم ڕووداوەدا گیانیان لەدەستدا، تا ئێستا و دوای سێ ساڵ ڕژێمی ئێران هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە و تا ئێستاش بە هەڵەی مرۆیی و تەکنیکی ؛ە قەڵەمی دەدات.

 

ڕۆژی یەکشەممە لە شاری مهاباد لە بەرەبەیانەوە خەڵک چوونە سەر مەزاری کۆچکردووان، هاوکات ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان و هێزەکانی پاسەوانی تایبەت لە شەقامە سەرەکییەکانی شارەکەدا مانۆڕیان دەکرد و ناوچەی دەوروبەری گۆڕستانی شارەکەش پڕ بوو لە سیخوڕ.

 

بەشداربووان گوڵیان لەسەر مەزارەکان دانا و بە پەڕۆی سوور و وێنەکانیان ڕازاندیانەوە، ئەو کەسانەی کە لە ئەنجامی کارەکانی ئەم دواییەی حکومەتدا لە ڕادەبەدەر تووڕەن، ئەو ٥ کەسەیان بە "شەهید کە بە دەستی جەلادەکانی ڕژێمی ئێران شەهید کران" ناوبرد.

 

لەسەر گۆڕی ئەو کەسانەی لە فڕۆکەکەدا گیانیان لەدەستدا، دروشم دروشمی ئازادی و پشتیوانی لە بەرخۆدانی جەماوەری وترایەوە و دروشمەکانی دژی سوپا و ڕژێم وەک "مردن بۆ سوپا، مردن بۆ خامنەیی"یان وتەوە.

 

بەشێکی زۆر لە کەسوکاری قوربانیان و خەڵکی شاری مهاباد بەشداری مەراسیمەکە بوون، بەشێکی دیکەش لە کەسوکاری قوربانیان بەهۆی هەڕەشەکردنی سوپا لە بنەماڵەکانیان نەیانتوانی بەشداری مەراسیمەکە بکەن.

 

"ڕۆژێک دێت نۆرەی منداڵی ئەو ستەمکارانە دەبێت"

براکەی عایشەپوور قادری لە سەر گۆڕی خوشکەکەی وتی: هەم خوشکی من بوو و هەم دایکم، هەر جارێکیش بەخۆم دەڵێم چەندە باشە دایکم لە ژیاندا نییە و ئەو ئازارەی هەست پێنەکردووە، دەزانم خوشکەکەم نەمردووە و هەموو ئەم ڕۆژانە دەیبینێت، ڕۆژێک دێت نۆرەی منداڵی ئەم ستەمکارانە دێت و ئەو ڕۆژە مافی خۆمان بەدەست دەهێنین.

 

هەروەها بە دایکی یەکێک لە قوربانیانی شۆڕشی ژینای وت: ئێوەی دایکان دەزانن چ ئازارێک لە سنگم دایە، سێ ساڵە ئەم جلە ڕەشەم دانەکەندووە، لە وەڵامدا ئەم دایکە وتی: مافی خۆمان وەردەگرین، جگەرم پڕە لە خوێن، بەڵام نەفرەتیان لێدەکەم و تۆڵەی خۆم دەکەمەوە، پاشان خەڵک دروشمی "شەهید نامرێت"یان وتەوە بۆ پشتیوانی لە بنەماڵەکان.

 

 

ڕژێمی ئێران دەیانەوێت بە پێدانی پارە بنەماڵەی قوربانیانی فڕینی ٧٥٢ بێدەنگ بکەن، بەڵام تا ئەمڕۆ سەرکەوتوو نەبوون، چونکە خێزانەکان وتوویانە پارە نابێتە دڵنەوایی بۆ ئەوان.

 

سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە، سوهەیلا دەڵێت: سێ ساڵ لەمەوبەر بەیانییەک یەکەم هەواڵ کە بیستمان ئەوە بوو کە فڕۆکە ئۆکرانییەکە بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە کەوتە خوارەوە، ئێمە دڵتەنگ بووین، بەڵام نەماندەزانی کۆماری ئیسلامی مووشەکی ئاراستەی ئەوان کردووە، خۆشبەختانە ئەم کەسانە لە ژیاندا نین تا تاوانەکانی تریان ببینن و ڕۆژەکانیان بە  توڕەییەوە بەسەرنابەن، بەڵام ڕۆژێک دێت بکەرانی ئەم تاوانە بەهۆی کارەکەیانەوە سزا دەدرێن و تۆمەتباری یەکەم خامنەییە.

 

بە پێی لێدوانە پشتڕاستکراوەکانی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، زیندانییەک بە ناوی ئەبوبەکر سەعیدزادە بە هۆی ئەشکەنجەی جەستەیی و برینداربوونی سەخت لە زیندانی مهاباد گیانی لەدەست دا، دوای تاریکی، گەنجانی ئازادیخواز لەسەر دیوارەکانی شار دەستیان کردەوە بە دروشمەکانیان و ئاگری شۆڕشیان لەسەر شەقامەکانی ئەم شارە داگیرساند و دروشمی دژە حکومەتیان دەوتەوە.