"لە ژێر هێرش و ئازاری کۆچبەریدا کۆنفرانسەکانمان دەبەستین"

ڕیما عیسا، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی کۆنگرەی ستاری کانتۆنی حەسەکە ئاماژەی بەوەکرد بە ئامانجی بەرزکردنەوەی خەباتی ژنان و بەهێزکردنی ڕێکخراوی ژنان لەم قۆناغە هەستیارەدا دەستیان بە ڕێکخستنی کۆنفرانسەکان کردووە.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار لە دەستپێکی دامەزراندنی خۆیدا بە ناوی "یەکێتی ستار" دەستی بە کار و خەبات کرد و ژنان لە هەموو پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەشدارییان تێداکرد، دواتر ناوەکەی لە کۆنگرەدا بووە کۆنگرەی ستار، لە کانتۆنی حەسەکە ئامادەکاری بۆ بەستنی نۆیەمین کۆنفرانسی ڕێکخستنەکە لە کانتۆنی حەسەکە دەستپێکردووە و بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمدا ببەسترێت.

 

ڕیما عیسا، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی کۆنگرەی ستاری کانتۆنی حەسەکە لەوبارەیەوە وتی: "باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چەندین جۆر هێرشی دەکرێتەسەر، بەڵام هەموو ئەو هێرشانەی کە ڕوو دەدەن ئامانجیان وەک یەکە، بۆیە ئێمە هەرگیز کارەکانمان ڕاناگرین و بە سازدانی کۆنفرانسەکان ڕێکخراوەکەمان بەهێزتر دەکەین و گفتوگۆ لەسەر بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروستدەکەین لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی ئازاد، هاوکات وەک ژنان چۆن دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان لە داگیرکەران بپارێزن، گرنگتر ڕێبەر ئۆجالانە کە ئەمڕۆ لە گۆشەگیرییەکی توند دایە بۆ ئازادی ژنان و کۆمەڵگە پێویستە گفتوگۆ و بڕیاری گرنگ بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان بدەین بۆ ئەوەی ساڵی نوێ ببێتە ساڵی ئازادی جەستەیی.

 

"لە کۆنفرانسەکاندا بڕیاری گرنگ دەدرێت بۆ پێشخستنی کار و خەبات"

ڕیما عیسا دووپاتی کردەوە کە کۆنفرانسی نۆیەمین سەرکەوتن مسۆگەر دەکات و وتی: وەک کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی حەسەکە، کۆنفرانسی شارۆچکە و ناوچەکەمان دەستپێکردووە. کاتێک کۆتایی دێت کۆنفرانسی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی حەسەکە ساز دەکەین، لە ئێستادا چەندین لیژنە هەیە بۆ ڕێکخستنی ژنان و کۆمەڵگە، بەڵام لەم کۆنفرانسەدا لیژنەی ئیکۆلۆجی-ژینگەیش زیاد دەکەین، چونکە لە قۆناغێکداین شەڕ دژی سروشت بەرپا دەبێت، ئەم جەنگە کاریگەری خراپیشی لەسەر ژینگەش هەیە، هاوکات بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە سروشت تێکدەدات و کاریگەری لەسەر هاوسەنگی ژینگەیی هەیە.

 

"گۆڕینی هۆشیاری چارەسەرێکی سەرەکییە بۆ هەموو کێشەکان"

ڕیما عیسا تیشکی خستەسەر کۆمەڵکوژیی ژنان و وتی: لە ماوەی ١١ ساڵی ڕابردووی شۆڕشدا خۆمان ڕێکخستووە و خەبات بۆ ئازادی ژن و کۆمەڵگە دەکەین، بەڵام بەداخەوە هێشتا ژنان لەژێر ناوی شەرەف و دابونەریتی کۆمەڵگە کۆمەڵکوژ دەکرێن، ئەم کێشەیە یەکێکە لە کێشەکانی هۆشیاری، ئەو هۆشیارییەی کە هەزاران ساڵە لە مێشکی کۆمەڵگەدا جێگیر بووە، پێویستی بەخەباتێکی گەورە دەبێت تا بتوانین لێی ڕزگاربین، ئەمڕۆ ئێمە لە دژی ئەو هۆشیارییە تێدەکۆشین و دەمانەوێت هۆشیارییەکی ئازاد و یەکسان دابمەزرێنین بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لە چنگی دەسەڵات ڕزگاری بێت.

 

"بە ڕۆحی ژیان دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان دەپارێزین و سەردەکەوین"

ڕیما عیسا ڕایگەیاند، کە داگیرکاری تورکیا و هاوپەیمانەکانی ڕێبەرانی شۆڕشیان کردووەتە ئامانج و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا، "بەم دواییانە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک ڕێبەرانی شۆڕشەکەیان بە فرۆکەی بێفڕۆکەوان کردە ئامانج، وەک ژیان تۆڵهەلدان، سۆسن بیرهات، ڕۆژ خابوور و باران بۆتان، ویستی گورزێک بەر ڕێکخراوی ژنان بدات بۆ شکاندنی ئیرادەی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، بەڵام ڕێگە نادەین ئامانجەکانیان بەدەست بهێنرێت، کۆنفرانسەکەمان بە دروشمی "بە ڕۆحی ژیان دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژنان دەپارێزین و سەردەکەوین" بەڕێوەدەچێت، بۆیە بە دوای هێڵی ڕێبەرانی شۆڕشدا دەکەوین و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان تێدەکۆشین".