لەڕێگەی ئاپێکەوە ڕێگری لە توندوتیژی دژی ژنان دەکرێت لە کاردا
ئەنجومەنی باڵای خانمان لە ڕێگەی ڕێککەوتننامەیەکەوە کاردەکات تا ژنان زیاتر لە بواری چاکسازی و ئاشتیدا ڕۆڵیان هەبێت.
هەولێر
دوێنێ ٢٣ی حوزەیران، ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر ڕێكەوتنامەیەكیان لەگەڵ هەردوو ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ژن بۆ کن و گیزی ئەڵمانی واژۆ كرد لە چوارچێوەی هەموو عێراق بۆ بەشداریكردنی زیاتری ژنان لە پرۆسەی چاكسازی و ئاشتیدا.
خانزاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی باڵای خانمان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، واژۆكردنی ئەم ڕێكەوتننامەیە تایبەت دەبێت بە ڕوئیایی ژن و بەشداریكردنیان لە پرۆسەی چاكسازی و ئاشتیدا، ئەنجومەنی بالای خانمان بە هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوی هاریكاری کاردەکات تا زیاتر برەو بە ژنان بدرێت تاكو بتوانن لە بوارەكانی ژیاندا كاربكەن.
هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا سوزان لایش وێز، بەڕێوەبەری بەهێزكردنی پڕۆگرامەكانی توانای ژنان لە ئاشتی و چاكسازی لە عێراق، لەپڕۆگرامی GIZسوپاسی ئەنجومەنی باڵای خانمان بۆ گەشەپێدان كرد كە هاوكاربوون لە بنیادنانی ئاپێک بەناوی "Women Cloud" تا ژنان بتوانن لەڕێیەوە بەدوای هەلی کاردا بگەڕێن لە کەرتی گشتی و تایبەتدا، هەروەها تێیدا ئاسایشی تایبەتیان بۆ دەڕەخسێت و دووربن لە هەموو جۆرە توندوتیژیەك.
خانزاد ئەحمەد، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها ئاماژەی بەوەدا گرنگە ژنان ڕۆڵیان هەبێت لە بواری چاکسازی و ئاشتەوایدا وەکوو هەموو لایەنەکانی دیکەی ژیان، "تاکو ئێستا ژنان لەم بوارەدا رۆلێکی کەمیان بینیوە، بۆیە گرنگە ئێمە بتوانین کار لەسەر ئەوە بکەین و پشتیوانی ئەو ژنانە بکەین کە بتوانن لە بوارەکانی ئاشتی و چاکسازی و بە بازارکردنی بەرهەمەکانیان لە هەموو کایەکانی ژیان وەکو کۆمەلایەتی، ئابووری و سیاسی بتوانن رۆلێکی بەرچاوی خۆیان بگێرن".
هەروەها ئاماژەی بهوهشکرد، وەکو ئەنجومەنی باڵای خانمان کار لەسەر ئەوەش دەکەن لە مەودوا ژن بەبێ ترس لە کەرتی گشتی و تایبەتی کار بکەن، چونکە زیاتر ژنان لە کەرتی تایبەتدا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بە تایبەت دەستدرێژی سێکسی.