دووەمین پێشانگەی پەرتوک لە ڕەققە کرایەوە

دووەمین پێشانگەی پەرتوک لە ڕەققە تیشک دەخاتە سەر گرنگی خوێندنەوە بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوبەربەستانەی لەبەردەم ژنان هەن.

ڕەققە

 

ژنانی بەشداربوو لە دووەمین پێشانگەی پەرتوکی ڕەققە جەختیان لە گرنگی کردنەوەی ئەو پێشانگەیانە کردەوە، پێیان وایە هۆکارە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بەربەستانەی بەهۆی شەڕەوە ڕووبەڕووی ژنان و کۆمەڵگە دەبێتەوە، بە پێویستی دەزانن ژنان و کۆمەڵگە هۆشیار ببنەوە بۆ ئەم مەبەستەش کردنەوەی پێشانگاەی لەو شێوەیە بە پێویست دەزانن.

 

پێشانگەی پەرتوکی ڕەققە ئەمڕۆ ٢ی تەمووز بە دروشمی "ڕەققە چرای کولتووری و داهێنانە" دەستیپێکرد.

 

پێشانگەکە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ئامانج لێی بڵاوکردنەوەی کولتووری وێژەو و خوێندنەوەیە، هەروەها تیشک خستنە سەر هۆنەرو نووسەرانی ژن و پیاوە کە هەوڵیانداوە لە ڕێگەی پێنووسەکانیانەوە کۆمەڵگە بگۆڕن بۆ کۆمەڵگەیەکی پێشکەتوو.

 

لیلاف خەلیل، هاوسەرۆکی دەستەی کولتوور لە ڕەققە ڕایگەیاند، خواستێکی زۆر لەلایەن ژنانی شارەکەوە بۆ پێشانگاکە هەیە، سەرەڕای ئەوەی بەربەستی زۆر بۆ ژنان هەن.

 

ئاماژەی بەوەکرد، شاری ڕەققە بە پایتەختی ئەو ژنانە ناسراوە کە خۆیان وەک هۆنەر و نووسەر سەلماندووە، لەوانەش نووسەری کۆچکردوو فەوزیە مەرعی، ئاماژەی بەوەدا بەردەوام دەبن لەکردنەوەی پێشانگەی کولتووری و وێژەیی، بەو ئامانجەی هانی هەموو خەڵکی کانتۆنی ڕەققە بدەن بۆ خوێندنەوە و بچنە پەرتوکخانەی نیشتمانی، کەزیاتر لە ١٢ هەزار پەرتوکی هەمەچەشن لەخۆدەگرێت.

 

"زۆرێک لە پەرتوکەکان لەلایەن ژنان نووسراون"

ڕۆدین مستەفا، هاوسەرۆکی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە کانتۆنی ڕەققە، دووپاتی کردەوە، ئامانجی ئەم پێشانگەیە نیشاندانی ڕاستی ژنانە، سەبارەت بەو پەرتوکانەی نمایش کراون، ئاماژەی بەوەکرد، زۆرێک لە پەرتوکەکان لەلایەن ژنانی خوێندەوار لە کانتۆنی ڕەققە نووسراون، لەوانە فەوزیە مەرعی و جەلا حەمزاوی و ژنانیش ڕۆڵێکی بەرچاویان لەم کارەدا بینیووە، وتی: دەبێت گرنگی بەم بوارە بدەین بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەموو ئەوبەربەستانە ببینەوە کە ناوچەکە ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

 

ویسام پاشا، کارگێڕ لە دەستەی کولتوورو مێژویی لە ئەنجوومەنی مەدەنی ڕەققە، وتی: ئێمە بەشداریمان لەم پێشانگەیەدا کرد، کە بە ئاوێنەیەک دادەنرێت کە ڕەنگدانەوەی ڕاستی جەوهەر، کولتوور و وێژەیە لە کانتۆنی ڕەققە و شارستانییەتەکەی و مێژووە دێرینەکەی سەرەڕای هەموو ئەو شێوازە تایبەتانەی شەڕ کە ناوچەکە لەلایەن وڵاتان و دوژمنکارەکانەوەڕووبەڕووی بووەتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشانگەکە وەک هاندان و پاڵنەرێک بۆ ئەو گروپە گەنجە کاری کردووە و بۆ ئاشناکردنیان بە ڕاستییەکان سەبارەت بە مێژوو و ئێستایان و ئەو خوێندنەوەیەی کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هۆشیار کردنەوەیان لەو سیاسەتانەی کە لە دژی ئەوان داڕێژراون.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا بە پەیامێک هانی هەموو گروپەکانی کۆمەڵگە و پێکهاتەکانی دا کە گرنگی بە کولتوور و زانست بدەن بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی کۆمەڵگە.