دادگاییکردنی ٢٢ ڕۆژنامەنووس بەردەوامە

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا ڕاپۆرتی مانگی حوزەیرانی خۆی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسانی ژن بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: دادگاییکردنی ٢٢ ڕۆژنامەنووس بەردەوامە، هەروەها ڕۆژنامەنووسێک سزای ٦ ساڵ و سێ مانگ زیندانی قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ دەر

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا ڕاپۆرتەکەی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە مانگی حوزەیران بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، لە ئێستادا ٧ ژنە ڕۆژنامەنووس زیندانی کراون.

 

کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دادگاییکردن و سزادانی ڕۆژنامەنووسان لە مانگی حوزەیران بەردەوام بووە، لەو مانگەدا ڕۆژنامەنووسان ڕێگرییان لێکرا و ڕاگیران.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: لە تورکیا ماوەیەکی زۆرە ئازادی ڕۆژنامەگەری لەژێر فشاری جۆراوجۆردایە، دەسەڵات بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسانی ناڕازی پەنا بۆ شێوازی جیاواز دەبات، لە مانگی حوزەیران هێرشی جەستەیی بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان و دەستبەسەرکردنەکان سەرنجی ڕاکێشا، ڕێگری لە ڕۆژنامەنووسان کرا کە بەدواداچوون بۆ هەواڵ بکەن و هێرشیان کرایە سەر،  بە تایبەتی ئەم پێشێلکاریانە بە دەستوەردانی پۆلیس لە چالاکییەکانی ناڕەزایەتیدا هاتە ئاراوە.

 

ژنانی ڕۆژنامەنووس زیاتر هێرشیان کرایە سەر

 لە هەمان کاتدا ژنانی ڕۆژنامەنووس بەهۆی ڕەگەزەوە ڕووبەڕووی فشار و هەڵاواردنی زیاتر دەبنەوە، دەتوانین نموونەی ڕۆژنامەنووس ئیسرا سۆلین داڵ بهێنینەوە. لە زیندانی ژنانی باکرکۆی، گەڕانی بێ جلوبەرگ بۆ ئیسرا سۆلین داڵ، پەیامنێری ئاژانسی میزۆپۆتامیا سەپێندرا، ئێسرا گلەیی لە سەپاندنی ئەو گەڕانە کرد، بەڵام بڕیاردرا کە ئەم داواکارییە بەدواداچوونی بۆ نەکرێت. دیارترین نموونەی سیاسەتەکانی بێ سزایە، لە مانگی حوزەیراندا ٧ ژنە ڕۆژنامەنووس لە زینداندا ڕاگیرابوون، ژنانی ڕۆژنامەنووس بەردەوام هەڕەشەیان لێدەکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر سەلامەتی دەروونی و جەستەیییان.

 

ڕۆژنامەنووسان تووشی دڕندەیی پۆلیس بوون

 پۆلیس لە کاتی چالاکییەکانی دژ بە بڕیارەکانی دانانی قەیوم لە ئامەد وجولەمێرگ دەستوەردانی لە ڕۆژنامەنووساندا کردو  توندوتیژی بەرامبەریان کرا و ئاستەنگ کران،ئەمەش ئەوە دەردەخات کە حکومەت هەوڵی بێدەنگکردنی هەواڵی ڕەخنەگرانە و چالاکییەکان دەدات، لە ٣ی حوزەیران لە ئامەد خۆپیشاندان دژی دانانی قەیوم لە جولەمێرگ ڕێکخرا، لە میانەی چالاکییەکان، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە بەدواداچوونیان بۆ چالاکییەکان دەکرد، ڕووبەڕووی توندوتیژیی پۆلیس بوونەتەوە، هەروەها لەو مانگەدا ڕۆژنامەنووسان سزا دراون و دادگاییکردنی زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان بەردەوامە.

 

ڕۆژنامەنووسان سزادران

 لەم دواییانەدا حەبیبە ئەرەن و ئۆزنور دەگەر، ڕۆژنامەنووسانی ئاژانسی ژن نیوز، دیرەن یورتسەڤەر، بەڕێوەبەری نووسینی ئاژانسی میزۆپۆتامیا ، هەریەک لە پەیامنێرانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا بێریڤان ئاڵتان، سەلمان گوزەلیوز، ئیمروڵا ئاکار، جەیلان شاهینلی، زەمۆ ئاگۆز، دەنیز نازلیم، هاکان یالچین و مەحمەد گونهان چوونە بەردەم دادگا، دانیشتنی بڕیار لەسەر دۆسیەکە لە دادگای چوارەمی تاوانە قورسەکانی ئەنقەرە بەڕێوەچوو، شاندی دادگا بە بیانووی "هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەو تاوانانەی کە ئەنجامدراون" بڕیاری بێتاوانی بۆ حەبیبە، جەیلان و مەحمەد ن دا، هەروەها دادگا سزای ٦ ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەر بێریڤان، سەلمان، دیرەن، ئیمروڵا، هاکان، ئۆزنور، دەنیز و زەمۆدا سەپاند، ئەم بڕیارە ئاستی بڕیارە دادوەرییەکان نیشان دەدات کە مەترسی لەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەری دروست دەکات.

 

ڕاپۆرتەکە دەریدەخات کە فشارەکان لە دژی ژنانی ڕۆژنامەنووس و ئازادی ڕۆژنامەگەری لە تورکیا گەیشتووەتە ئاستێکی جددی، هەوڵەکانی حکومەت بۆ بێدەنگکردنی میدیای ڕەخنەگر و ئازاد هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ و بەها دیموکراتییەکان، سیاسەتەکانی بێ سزا و پراکتیزەکردنی جیاکاری لە دژی ژنانی ڕۆژنامەنووس زیان بە خەبات بۆ یەکسانی ڕەگەزی دەگەیەنێت.

 

لە پێناو پاراستنی ئازادی ڕۆژنامەگەری و کۆتایی هێنان بە هەموو جۆرە فشارێک لە دژی ڕۆژنامەنوسان، پێویستە هەنگاوی بەهێز لە گۆڕەپانی نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا بندرێت، دروستکردنی ژینگەیەک بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسان بە ئازادی کارەکانیان ئەنجام بدەن، ئەمە یەکێکە لە بەردی بناغەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی، پاراستنی ئەو مافانە لە ئەستۆی هەموو کۆمەڵگەیە، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و هەڵاواردن دژی ژنان بۆ یەکسانی ڕەگەزی و ئازادی ڕۆژنامەگەری گرنگە، پێویستە میکانیزمی کاریگەر دابندرێت بۆ ئەوەی سەروەری یاسا زاڵ بێت و پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان بێ سزا نەمێنێت.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەستگیر کران:

 دەریا ڕەن - پەیامنێری  ژن نیوز

 ئەلیف ئەرسۆی - سەرنووسەری گۆڤاری یورویوش

  هاتیجە دومان - بەڕێوەبەری نوسین و خاوەنی ڕۆژنامەی ئەتیلیم

ئۆزلەم جیهان – ڕۆژنامەنووس

  تولای جانپۆلات - پەیامنێری ڕۆژنامەی سەباح لە ئەنقەرە

سەلامەت توران – ڕۆژنامەنووس

ئۆزدن کینیک - کارمەندی پێشووی کۆمپانیای  تەرەتە