دوو ڕۆژنامەنووس بە مەرجی چاودێریی دادوەری ئازاد کران
لە تورکیا پێش کۆبوونەوەی ناتۆ، گەلێک کەس لەژێر ناوی پاراستنی ئاسایشدا دەستگیر کران. ڕۆژنامەنووسان بوسە سۆگووتلوو و جەرەن ئەردۆغدو، کە لە ٥ی تەممووزدا دەستبەسەر کرابوون، دوای چوار ڕۆژ بە مەرجی چاودێریی دادوەری ئازاد کران.
ناوەندی هەواڵ
بوسە سۆگووتلوو، سەرنووسەری هەواڵە دەرەکییەکانی "T24" لەگەڵ جەرەن ئەردۆغدو، سەرنووسەری "Oda TV" بە مەرجی چاودێریی دادوەری ئازاد کران.
ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی پێش لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، لە پێنجیی تەممووزدا دەستبەسەر کرابوون، دوێنێ دوای پێشکەشکردنی وتەکانیان لە داواکاری گشتی، بە داواکاری چاودێریی دادوەری ڕەوانەی دادگا کران.
دادگا بڕیاری ئازادکردنی سۆگووتلوو و ئەردۆغدووی بە مەرجی چاودێریی دادوەری دا. چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژنامەنووس عەباس ڤوراڵیش ئەمڕۆ ڕەوانەی دادگا بکرێت.
چوار ڕۆژ لە دەستبەسەریدا مانەوە
هەردوو ڕۆژنامەنووسەکە لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەستەمبوڵ بەڕێوە دەچێت، لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستبەسەر کرابوون.
لە ئۆپەراسیۆنەکاندا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان؛ پارێزەر، ئەکادیمیست و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییش دەستگیر کرابوون؛ ڕاگەیەندرابوو کە مافی چاوپێکەوتنی دەستبەسەرکراوان لەگەڵ پارێزەرەکانیان بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر سنووردار کرابوو.