ژنانی سووریانی: ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی نموونەی پاراستنی هەموو نەتەوە و ئایین و باوەڕێکە

 ژنانی سووریانی ئیدانەی ئەو کردەوانەی دژ بە ئایین و بیروباوەڕی مەسیحییەکانیان کرد کە لە حەما و لازقییە ڕوودەدەن و ڕایانگەیاند: ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی نموونەی پاراستنی هەموو نەتەوە و ئایین و بیروباوەڕەکانە.

 ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- ماوەی ١٤ ساڵە گەل لە سەرانسەری سووریادا خەبات و بەرخۆدانی لە پێناو ساتەوەختی ڕووخانی سیستەمێکی یەکپەرست و تاک نەتەوەیی نیشان دەدەن. بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی سووریا، حکومەتێکی کاتی دامەزرا، لەو ڕۆژانەی کە هەمووان باس لە سووریایەکی نوێ دەکەن، بوونی ژن ڕەتدەکرێتەوە، لە حەما ئاین و بیروباوەڕی مەسیحییەکان پێشێل دەکرێت و کۆمەڵگەی عەلەوییەکان تووشی توندوتیژی و سووکایەتیکردن دەبن.

 

ژنانی سووریانی لەم بارەیەوە بێدەنگ نین، ئەو ژنانەی مەترسی لەسەر ئایندەیان دەبینن، ناڕەزایی خۆیان لەم بابەتە دەربڕیوە، ئەو ژنانە داوای دروستکردنی سووریایەکی نوێیان کرد کە تێیدا سیستەمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی وەک نموونە سەیر بکرێت.

 

"سووریای نوێ بە هۆشیاری ژنان بنیات بنرێت"

سیلڤا بەری ڕایگەیاند، ئەگەر سووریا بە هۆشیاری ژنان بنیات بنرێت، ئەوا دەبێتە سووریایەکی نوێ و دیموکراسی و یەکسان، وتیشی: ژنی ئازاد کۆمەڵگەیەکی ئازاد بنیات دەنرێت، بۆیە بوونی ژنان لە بنیاتنانی سووریادا بۆ هەموو پێکهاتەیەک گرنگ و مانادارە، ئێمە ئەو سیاسەت و بڕیارانە قبوڵ ناکەین کە نکۆڵی لە بوونی ژن دەکەن و ئەمە وەک سیاسەتێکی جینۆساید پێناسە دەکەین، ژنان پێشەنگن لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا، لەژێر چاودێری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕۆڵ و ئەرکیان هەیە، ژنان لە سیستەمی هاوسەرۆکایەتیدا نمونە و بڕیاردەرن، لە بواری سەربازیدا، لە کەسایەتی یەپەژەدا، نمونەی بوێری و هێزن، ئێمە سووریایەک قبوڵ ناکەین بەبێ ئامادەبوون و ڕۆڵی ژنان، ئێمە دەمانەوێت سووریا بە هۆشیاریی ژنەوە بنیات بنێین.

 

"ئەوان دەیانەوێت سەرلێشێواوی و دووبەرەکی لە نێوان گەلاندا دروست بکەن"

سیلڤا بەری تیشکی خستە سەر کارەکانی دژی کۆمەڵگەی عەلەوی و ئایین و بیروباوەڕەکانیان و ئەمەی بە کردەوەی جینۆساید دژی گەلان پێناسە کرد و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەو کردەوانەی دژ بە ئایین و بیروباوەڕ کە لە حەما ڕوویاندا بەردەوامە و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی عەلەوییەکان هەیە، ئێمە ئەو کارانە شەرمەزار دەکەین، ئامانج لەو کردارانەی کە دەکرێن، دروستکردنی سەرلێشێواوی و دابەشبوونە لەناو پێکهاتەکاندا، لەژێر پەردەی ئاییندا دەیانەوێت پێکهاتەکان قڕ بکەن و بیانخەنە بەردەم کۆمەڵکوژییەکان، بەو شێوەیەش ناتوانین بڵێین سووریایەکی نوێ بنیات دەنرێت، سووریایەکی نوێ بە یەکڕیزی پێکهاتەکانی دەتوانرێ بنیات بنرێت.

 

"بڕیاری هێڵی خەبات و بەرخۆدان بەردەوام دەبێت"

کاترین لۆرین ڕایگەیاند کە هاودەنگی و یەکڕیزی گەلان بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمی بەعس و باسی لەوەشکرد کە سووریایەکی نوێ بەبێ پاراستنی مافی گەلان و خەڵکی هەموو پاشخان و مەزهەبەکان قبوڵ ناکرێت و وتیشی: لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریانیا هەموو پێکهاتەکانی وەک کورد، عەرەب، سریانی، ئاشووری و ئەرمەنی کۆبوونەتەوە و یەکگرتوویی خۆیان پێکهێناوە، بۆ ڕووخاندنی سیستەمێک کە ساڵانێک بوو یەکلایەنی و یەکپارچەیی سەپاندبوو، بڕیاری تێکۆشان و بەرەنگاربوونەوەی دا گەیشتە ئامانجەکەی. بەڵام دوای ئەوە کردەوەی ڕەتکردنەوەی ڕۆڵی ژن و کردەوەی دژ بە ئایین و بیروباوەڕ و هەروەها سووکایەتیکردن و توندوتیژی بەرامبەر عتلەوییەکان دەبینین، ئەم کارە جێگەی قبوڵکردن نییە، ئێمە سووریایەکی هەمەچەشنمان دەوێت، بۆیە ئێمە سیستەمێک قبوڵ ناکەین کە یەکپارچەیی بەسەرماندا بسەپێنێت، بۆ ئەوەی ئەم کارانە بوەستێنرێت، پێویستە ئاستی خەبات لە سەرتاسەری سووریانیا بەرز بکرێتەوە.

 

"یەپەژە بەرخۆدانی مێژوویی نیشان دەدات"

 کاترین تیشکی خستە سەر بەرخۆدان نموونەیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە بەنداوی شەهیدان (تشرین) و وتی: یەپەژە و هەسەدە ئەمڕۆ لە بەنداوی شەهیدان شەڕێکی مێژوویی دەکەن بۆ پاراستنی خاکەکەمان و هەموو گەلان دەکەن، ئەم بەرخۆدانیە نموونە و پەیامێکە بۆ هەموو جیهان کە تەنانەت لە بەرامبەر پێشکەوتووترین تەکنۆلۆژیا و فڕۆکەکانیشدا، ژنان پێشەنگ و نمونەن لە بواری سەربازیدا.