دوای بۆردومانی گوندی بارێ شەنگالییەکان پەیامی بەردەوامییان لە تێکۆشان دا

دوای بۆردومانکردنی گوندی بارێی شەنگال لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، خەڵکی شەنگال لە شوێنی بۆردومانە کۆبوونەوە و پەیامی بەرخۆدانیان دا و وتیان ئێمە شەنگال چۆڵ ناکەین.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوێ ڕابردوو فرۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا گوندی بارێی سەر بە شارۆچکەی شەنگالی بۆردومان کرد و بووە هۆی برینداربوونی کەسێک، دوای بۆردومانەکەش فڕۆکە بە ئاسمانی شەنگالدا دەسوڕایەوە، شاندێکی هێزە عێراقییەکان چوونە شوێنی ڕووداوەکەی بارێ و وێنەی شوێنی بۆردومانەکە و ڕۆکێتەکەیان گرت کە بۆردومانی پێکرا و بێ هیچ لێدوانێک گەڕانەوە.

 

شەنگالییەکان خۆیان گەیاندە شوێنی بۆردومانەکە و ئاماژەیان بە بەردەمیدان بە تێکۆشان و بەرخۆدان دا، وتیشیان "هێرشەکان ناتوانن ئێمە لە شەنگال دەربکەن".

 

نەعیم بەدەل، ئەندامی ئەنجومەنی تەڤگەری ئازادیی ژنانی شەنگال (TAJÊ)  ڕایگەیاند، ئەوان سەری خۆیان بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانی دانانەوێنن، هەروەها بۆ دواوەش ناگەڕێنەوە: "ئێمە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانیان شەرمەزار دەکەین، ئەوان هەرچەندێک هێرش بکەنە سەرمان، ئەوا هەنگاو بۆ دواوە نانێنەوە، خۆمان و ڕێکخستنی خۆمان بەهێزتر و مەزنتر دەکەین. دەیانەوێت ترس بخەنە دڵی خەڵکەوە، بەڵام ئێمە لە هیچ خوێنمژ و داگیرکەرێک ناترسین".

 

ت.پ