بە بیانووی شەرەف کوشتنی ژنان بەردەوامە

ژنێکی گەنج بە هۆی بڵاوبوونەوەی هەواڵێکی هەڵە، خێزانەکەی پەنادەبەنە بەر خنکاندنی و دەیکوژن.

ژنێکی گەنج لە لوڕستان، بە هۆی بڵاوبوونەوەی هەواڵێکی هەڵە خێزانەکەی پەنادەبەنە بەر خنکاندنی و دەیکوژن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژی ٣٠ی ئاب، ژنێک بە ناوی "مبینا سوری" لە پارێزگای لوڕستان لەلایەن خێزانەکەیەوە خنکێنرا و هۆکارەکەشی بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی و شەرەف دەگەڕێننەوە.

 

بە وتەی کەسوکارەکەی، ئەو ژنە هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی ئاینیدا کردووە، دوای ماوەیەک دەنگۆ بڵاو دەبێتەوە پەیوەندی لەگەڵ پیاوێکی دیکە هەبێت هەرچەندە هاوژینەکەی گوێ بەو قسانە نادات بەڵام مبینا لەلایەن خێزانەکەیەوە بە مەبەستی شەرەف دەکوژرێت.

 

برا و مامی مبینا پلانی کوشتنیان داڕشتووە بە شێوەیەک بە سەرپۆشەکەی خۆی خنکاندوویانە وا ڕووداوەکەشیان نیشان داوە خۆکوژی بێت بەڵام دوای لێکۆڵینەوە دەرکەتووە کوژراوە.

 

کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی شەرەف لە زۆربەی شارەکانی ئێران بەردەوامە، ئەم جۆرە تاوانانە هۆکارەکەی بۆ دواکەوتوویی کۆمەڵگەو زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری دەگەڕێتەوە، بە پێی ئامارەکان ساڵانە لە ئێران ٣٧٥ بۆ ٤٥٠ ژن بە بیانووی شەرەف و پاراستنی ناوبانگی خێزان دەکوژرێن.