دوای ٧ ڕۆژ لە ئاگربەستی مرۆیی... ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکان دەستپێدەکاتەوە
ئاگربەستە مرۆییەکان لە کەرتی غەززە کۆتایی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ هێناو ڕێگە بە هاوکارییەکان درا بچنە ناو ناوچە گەمارۆدراوەکەوە و دەستگیرکراوەکان ئازاد کران.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2023/12/20231201-ghazza-jpg7fdf50-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ئاگربەستی مرۆیی ٧ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە بەبێ ڕاگەیاندنی درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە کۆتایی هات و سوپای ئیسرائیل بەیانی ئەمڕۆ دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکان کردەوە.
دوای درێژکردنەوەی ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەززە بۆ ڕۆژێکی دیکە، حەماس ٦ زیندانی ئازاد کرد، دوای ئازادکردنی دوو ژن و چەند کاتژمێرێک پێش کۆتایی هاتنی ئاگربەستەکە، ئیسرائیل ٣٠ زیندانی فەڵەستینی کە ٢٣ منداڵ و ٧ ژن بوون لە زیندانەکانی ئازاد کرد.
دوای ئەوەی ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان هەردوولا بەبێ ڕاگەیاندنی درێژکردنەوە کۆتایی هات، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند حەماس ئاگربەستەکەی پێشێلکردووە و دوێنێ موشەکێکی هەڵداوە بەرەو خاکی ئیسرائیل و دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕاگەیاند و فڕۆکە جەنگییەکانی دەستیان کرد بە هێرشکردن بۆ سەر هەموو ناوچەکانی کەرتی غەززە.
نزیک نەخۆشخانەو کامپەکان کرانە ئامانج
هەروەها دوای کۆتایی هاتنی ئاگربەستەکە تۆپخانە و فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەندین هێرشیان کردە سەر ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە و پێکدادانی توندوتیژی لەنێوان فەڵەستینییەکان و سوپای ئیسرائیل لە چەند ناوچەیەکی باکوور و ناوەندی کەرتی غەززە ڕوویدا، هەروەها نزیک نەخۆشخانەی ناسر لە خان یونس، کامپی پەنابەرانی یابنا، جەبالیا، شاری غەززە، ناوچەی ئەبو ئیسکەندەر، پارێزگای ناوەندی، خان یونس و شارۆچکەی عەباسان کرانە ئامانج.
میدیاکان ئاماژەیان بەوەکرد، بەیانی ئەمڕۆ تۆپبارانەکە چەند ماڵێکی نیشتەجێی کردە ئامانج و ژمارەیەک کەسی کوشت و بریندارکرد، ١١ کەس کە ژن و منداڵیان تیدایە، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە ناوەندی ڕەفەح و ناوچەکانی مەغازی لە باشووری کەرتی غەززە گیانیان لەدەستدا.