دوای ١٠ ڕۆژ ڕێکخراوەکانی ژنان بە کۆمەڵ چوونە سەر گۆڕی شنیار هونەر
دوای تێپەڕینی ١٠ ڕۆژ لە گیان لەدەستدانی شنیار هونەر، دوێنی کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و بنەماڵەی شنیار هونەر، ئەو ژنەی لەلایەن هاوژینەکەیەوە سوتێنرا، دواتر چوونە سەر گۆڕی شنیار هونەر.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/03/20220306-photo-2022-03-05-15-46-13-jpg0493da-image.jpg)
ئاسودە محەمەد
شارەزوور- وەک دەستپێکی چالاکی ڕێکخراوەکان بۆ ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، دوێنێ، ٥ی ئادار، کۆمەڵێک لە نوێنەرانی تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان و ژنانی لایەنە سیاسییەکان و چالاکوانان بە ئامادەبوونی بنەماڵەی شنیار هونەر، ئەو ژنەی لەلایەن هاوژینەکەیەوە سوتێنرا، چوونە سەر گۆڕەکەی لە شارۆچکەی سەیدسادق کرد.
ژنانی ڕێکخراوەکان تاجە گوڵینەیان لەسەر گۆڕی شنیار هونەر دانا و هەر ڕێکخراوێک چەپکە گوڵی خستەسەر گۆڕەکەی، هەروەها دروشمی "بەسە ژن کوشتنیان بەرز کردەوە".
سازە عەبدوڵا، نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان، ئاماژەی بەوەدا کە هاتنیان تەنها هاوخەمی و سەردانێک نییە، بەڵکو سەردانەکەمان هەوڵێکە تا کەیسەکە بە لاڕێدا نەبرێت وب کوژ داڵدە نەدرێت لەژێر ناوی سوڵحی عەشایەریدا.
شارا عەبدولکەریم، لێپرسراوی لقی شارەزووری یەكێتی ژنانی کوردستان، ئامانجی سەردانەکەیان ناڕەزایی و هاوخەمییە، "پێویستە هۆشیاری بڵاوبکەینەوە و لە ڕێگەی پەرلەمانەوە کاربکرێت بۆ کەمکردنەوەی تاوانی لەو چەشنە".
مینا نیعمەتی، ئەندامی ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەڵێت دەبێت تەواوی ژنان هاودەنگ بن و داوای مافی خۆیان بکەن تا هیچ پیاوێک تاوانی واها ئەنجام نەدات و دواتر تاوانبار بە ئازادی بسوڕێتەوە.
مهران سدیق، دایکی شنیار هونەر دەڵێت: با تاوانبار بە سزا بگات و چیتر ژن نەکوژرێت، با گەر دوو هاوسەر نەگونجان، جیاببنەوە نەک جەرگی دایکێکی تر بسووتێت".
شەوی ١٩ لەسەر ٢٠ی ئەم مانگە، لە گەڕەکی کوردساتی شاری سلێمانی شنیار هونەر، ٢١ ساڵ و دایکی دوو منداڵ لەلایەن هاوژینەکەیەوە سوتێندرا، دوای پێنج ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی سوتاوی شاری سلێمانی، بەیانی ڕۆژی ٢٣ی شوبات گیانی لەدەستدا.
ت.پ