دەستی وشک و ڕەق... دۆخی نالەباری کرێکارانی وەرزی لە ڕەوانسەر
بۆچی ژنان بە دەستی وشک و ڕەق و منداڵی بچووکەوە، ڕۆژانە بەرەو دەشتە سووتێنەرەکانی ڕەوانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڕۆن؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە دەنگی بێدەنگی کرێکارانی وەرزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببیستن؟

سۆنیا حوسنی
ڕەوانسەر-ڕۆژی جیهانی کرێکاران هەوڵی ماندوو نەناسانەی ملیۆنان کرێکارمان بیردەخاتەوە، ئەو پایەی ژیان کە دەستە ماندووەکانیان تایەی ژیان بە سوڕانەوە دەهێڵێتەوە، هاوکات کرێکارانی وەرزی بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بارودۆخێکی سەخت و ناجێگیردا تا دێت ژیان بەسەر دەبەن.
قەیرانی بێکاری و پاشەکشەی ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی ئەو کرێکارانە، زۆرێکیان بەتایبەت ژنان، بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی هەلی کارێکی سەقامگیر، ناچاربوون پەنا بۆ کاری کاتی بێ بیمە یان گرێبەست ببەن، لە ناوچەکانی جوانرود و ڕەوانسر و سێ باباجانی دەبینرێت ژنان لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان شانبەشانی پیاوان لە بەرامبەر پارچە نانێکدا کار دەکەن.
زۆربەی ژنان بە درێژایی ژیانی کارکردنیان لە مافە سەرەتاییەکانی وەک بیمە و خانەنشینی بێبەش کراون، هەموو بەیانییەک، لە گۆڕەپانەکانی شاردا، کۆمەڵێکیان چاوەڕێی کار دەکەن، بەڵام زۆر ڕۆژ، تەنها بە نائومێد و دەست بەتاڵ دەگەڕێنەوە.
هێمایەکی بەرخۆدان لە ناو بێبەشیدا
سیما وەیسی، کرێکاری وەرزی تەمەن ٣٦ ساڵە و هاولاتی ڕەوانسرە، ڕەمزی خۆڕاگرییە لە بەرامبەر بێبەشیدا، وەک زۆرێک لە ژنانی ئەم ناوچەیە هەوڵ دەدات خێزانەکەی لە فشارەکانی ژیان، لە هەلومەرجی سەختی ئابووریدا ڕزگار بکات.
دەستە وشک و ڕەقەکانی بەڵگەن لەسەر ئەو ئازارە بێکۆتایەی کە لە ئەنجامی ئەو کارە وەرزییە سەخت و ماندووکردنەدا بەرگەی گرتووە. ساڵانە لە وەرزی چاندن و دروێنەکردندا سیما وەیسی لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی دەچنە کێڵگەکانی گوندنشینەکان بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی.
باسی لە بارودۆخی ژیانی خۆی کردووە، دەڵێت "هاوژینەکەم کرێکاری بیناسازییە، دۆخی دارایی ئێمەش باش نییە، ئێمە لە خانوویەکی کرێدا دەژین، هاوژینەکەم لە وەرزی پاییز و زستاندا بۆ کار دەچێتە باشووری ئێران، لە وەرزی بەهار و هاوینیشدا لە کێڵگەیەکدا کاردەکات، لە وەرزی کارکردندا لەگەڵ ژنانی شارەکەمدا دەچمە کێڵگەکان بۆ کارکردن، دوو ساڵ لەمەوبەر، بۆمان دەرکەوت کە منداڵە کچە بچووکەکەم پرسی بیستنی هەیە، پێویستی بە چاندنی گوێچکە هەیە، تێچووی زۆری ئەم نەشتەرگەرییە دۆخەکەمانی قورستر کرد، ناچار بووم زیاتر کاربکەم بۆ دابینکردنی تێچووی چارەسەرەکەی، ئەمە جگە لە پێداویستییە ڕۆژانەکانمان.
سیما وەیسی باسی لە سەختی کارکردن لە کێڵگەکاندا بۆ کردین، ڕوونیکردەوە، لە وەرزی کارکردندا ژنان و پیاوان لە کێڵگەکاندا کاردەکەن، تەنانەت ژمارەیان لەوان زیاترە، زۆربەی ئەو ژنانەی کە سەرپەرشتیاریان نییە، یان دایکی منداڵی بێ باوکن، یان ئەو خێزانانەی ڕووبەڕووی پرسی دارایی دەبنەوە، پەنا بۆ ئەم کارە دەبەن، هەندێک لە ژنان ناچارن منداڵە بچووکەکانیان لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ کێڵگەکان، تا خۆرئاوابوون لەژێر خۆردا کاردەکەن، ئەم کارە لەڕادەبەدەر ماندووکردنە، ئەگەر ناچار نەکرابن ئازاری خۆیان نادەن.
سەبارەت بە کارە ماندووەکانیان، کە لە سەرەتای بەهارەوە تا کۆتایی هاوین ئەنجامی دەدەن، وتی: زۆرجار دەچینە گوندەکانی زالاب و نەهراب بۆ ئەوەی چەندین کاتژمێر لە ژێر خۆردا لە دەشت و زەوییە کشتوکاڵییەکان کار بکەین، لە سەرەتای وەرزدا، دەچینە ناو گژوگیا؛ بە دەستی ڕووتمان ڕووەکی نەخوازراو لە ڕەگەوە هەڵدەکێشین، ئەم قۆناغە تاڕادەیەک ئاسانترە چونکە هێشتا کەشوهەوا زۆر گەرم نییە، بۆیە دەستەکانمان کەمترن تووشی ئازار دەبن.
بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی هاوین کارەکە قورستر دەبێت، سیما وەیسی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دواتر کاتی چاندنی نەمامەکانی تەماتە دێت، دەبێت بە پەنجەی گەورە کون لە خاکە شێدارەکەدا هەڵکەنین و نەمامەکان لە ناوەوە دابنێین، فشار لەسەر پەنجەکانمان زۆر بێئەندازەیە، دواتر وەرزی دروێنەکردنی نۆک دەست پێدەکات، کە یەکێکە لە قۆناغە قورسەکانی چاندن، گەرمایەکی چڕ، ئەو دڕکانەی دەوروبەری نۆکەکان کە ئازاری دەستمان دەدەن، و ئەو خاکە ڕەقەیەی کە دەبێت بە دەست بسووڕێنینەوە هەموومان ماندوو دەکات لە هەفتەی یەکەمدا دەستەکانمان ئازاریان دەبێت، هەموو کەسێک بە گەنج و پیر بەدەست ئازاری پشتەوە دەناڵێنێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “دوای دروێنەکردنی نۆکەکان، کاتی هەڵگرتنی تەماتە پێگەیشتوەکانە، دەبێت تەماتەکە لە دارستانەکانەوە کۆبکرێتەوە و بخرێتە سەبەتە، موچەکە بە پێی ژمارەی سەبەتە گەیاندراوەکان حیسابی بۆ دەکرێت، بەڵام ڕووەکی تەماتە دڕکی بچووکی هەیە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی برین و خورانی دەست، سەبەتەکانیش قورسن و ڕەق دەبن، دوای ئەوەی تەماتەکە دروێنە دەکرێت، کاتی هەڵگرتنی پەتاتە و پیاز دێت ئەمەش کاری قورسە، و تا کیسەمان زیاتر بێت، موچەکەمان زیاتر دەبێت، بەڵام بە گشتی، کارێکی قورس و ماندووکردنە، و ئێمە تەنها لەبەر پێویستی دارایی، بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانمان ئەو کارە دەکەین.
سیما ویسی باسی لە پرسەکانی دیکەی بەردەم کرێکاران کرد، بەتایبەتی لە بواری گواستنەوەدا، "هەندێکجار، زیاتر لە ٢٠ کەس لە بارهەڵگرێکی بچووکدا دەسوڕێنەوە، بەبێ هیچ ڕێسایەکی سەلامەتی، ئێمە شاهیدی زۆر ڕووداو بووین کە بووەتە هۆی برینداربوون و تەنانەت مردنی کرێکاران، پرسی تەندروستی و نەبوونی ئاسانکاری لە شوێنی کارەکەی کرد، شوێنی پشوودان و حەمام نییە، ئەگەر بمانەوێت خواردن بکڕین، تێچوونەکەی لە ووچەکەمان دەبڕدرێت.
سیما وەیسی لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستەسەر نەبوونی بیمەی کرێکارانی وەرزی کە یەکێکە لە ئاڵەنگاریە قووڵەکانی بەردەم کرێکاران. وتیشی: نەبوونی بیمە و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کێشەیەکی گەورەیە بۆ ئێمە، سەرەڕای ئەو هەموو سەختی و مەترسییانەی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، هیچ دامەزراوەیەک بەرپرسیارێتی لەئەستۆ ناگرێت لە ئەگەری ڕووداوێک یان نەخۆشییەکدا، باپیرم یەکێکە لەو کرێکارانە، ساڵانێک لە کێڵگەکاندا کاری کردووە، ئێستاش لە تەمەنی ٥٧ ساڵیدا هێزی جەستەیی پێویستی نەماوە، چونکە هیچ بیمە و خانەنشینییەکی نییە، هێشتا ناچارە کار بکات دەستەکان چیتر بەهێزی کار ناکەن، بەڵام هیچ بژاردەیەکی نییە بۆ پیرییەکەی، سەرەڕای هەموو ئەم پرسانە و بەرزبوونەوەی گەورانە، موچەکانمان زۆر کەمە و تەنانەت سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیش دابین ناکەن.