لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ کۆمەڵەی کوردان لە پاریس ٣ کەس شەهیدبوون

لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەهەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ژنە شۆڕشگێڕی کورد ساکینە جانس و هاوڕێکانی لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا هێرشی چەکداری کرایە سەر کۆمەڵەی کوردان و سێ کەس شەهیدبوون.

ناوەندی هەواڵ

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٣ کانوونی یەکەم، لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەهەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ژنە شۆڕشگێڕی کورد ساکینە جانس و هاوڕێکانی لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا هێرشی چەکداری کرایە سەر کۆمەڵەی کوردان لەناوەندی کلتووری کورد لە گەڕەکی ساینت دەنیس و بەوهۆیەوە چەندین کەس شەهید و برینداربوون کە لە ناویاندا هونەرمەند هەیە.

 

لە ئەنجامى هێرشە چەکدارییەکەدا بۆسەر کۆمەڵەکە ژمارەیەک کەس برینداربوون، چونکە هێرشبەرەکان دەستڕێژی گولـلەیان بەناو ئامادەبواندا کردووە، لە ئەنجامدا سێ کەس شەهید بوون و سێ کەسیش برینداربوون.

 

بە پێی زانیارییەکان کە خراوەتەڕوو، هێرشبەرەکە پیاوێکی تەمەن ٦٠ساڵ بووە و ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە و دوای ئەنجامدانی هێرشەکە دەستگیرکراوە و ڕادەستی پۆلیسکراوە، تا ئێستا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە لەلایەن پۆلیسەوە بەردەوامە.

 

هەر لە دوای هێرشەکە، کوردەکانی نیشتەجێی پاریس وەک ناڕەزایەتی ڕوویان لە سەر شەقامی ناوچەکە کردووە و لەنزیکی کۆمەڵەکە گردبونەتەوە، کوردان لە وڵاتانی دیکەی جیهان ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو هێرشە چەکدارییە نیشاندەدەن.

 

ئەم هێرشە چەکداری و کۆمەڵکوژییەی لە پاریس کرایە سەر کۆمەڵەی کوردان هاوکاتە لە نزیکبوونەوە لە دەهەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی سێ ژنی شۆڕشگێڕی کورد ساکینە جانسز و هاوڕێکانی، کە ٩ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٣ لە پاریس تیرۆر کرابوون.