پشتیوانی لە هەڵمەتی "سێشەممەی نا بۆ سێدارە" کرا
هەڵمەتی "سێشەممەی نا بۆ سێدارە" لە زیندانەکانی ئێران بەڕێوەچوو، ڕێکخراوی خوێندکارانی پێشکەوتنخوازیش پشتیوانیان لە هەڵمەتەکە و مانگرتنی گشتی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی.
ناوەندی هەواڵ
شەش لایەنی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١٩ی کانوونی دووەم بانگەوازێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوای مانگرتنی گشتییان لە سەرتاسەری کوردستان کرد، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی لە زیندانی ئێڤین بەڕێوەچوو.
هەڵمەتی "سێشەممەی نا بۆ سێدارە" ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی کانوونی دووەم لە هەفتەی ٥٢ی مانگرتنەکەدا بەردەوامە و زیندانیانی بەشداری هەڵمەتەکە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، پشتگیری لە هەڵمەتی مانگرتنی گشتی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن، کە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە پشتڕاستکردنەوەی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، زیندانی سیاسی لە زیندانی ژنانی ئێڤین، سبەی چوارشەممە بەڕێوە دەچێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لە درێژەی ئەو لەسێدارەدان و سەرکوتکردنە سیستماتیکیانەی کە ڕۆژانە لە دژی هاووڵاتیانی ئێرانی ئەنجام دەدرێت، حاکمە ستەمکارەکان لە ماوەی مانگەکەدا ١١٠ زیندانییان لە سێدارە داوە، هەروەها لە مانگی ئاداری ٢٠٢٤ەوە سزای لە سێدارەدانیان بەسەر ٩٥٠ کەسدا جێبەجێ کردووە، ئەم ئامارانە دەریدەخەن زیادبوونی بێ وێنە لە بەکارهێنانی لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بوونی هەیە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە لە بەرامبەر ئەو سزا نامرۆڤانەدا، کۆمەڵگە و زیندانیان بەرەنگاری توندوتیژییەکانی حکومەت بوون و هەڵمەتی "سێشەممەی نا بۆ سێدارە"یان دەستپێکرد و ئێستاش ٣٤ زیندانی بەشداری تیادا دەکەن، ئێمەش شاهیدی پشتیوانییەکی بەرفراوانین بۆ ئەم هەڵمەتە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا هەروەها ئەوەش هاتووە کە هەڵمەتی "سێشەممەی نا بۆ سێدارە" و هەموو جۆرە چالاکییەک دژی سێدارە دەنگی زۆرینەیە و گەلانی ئێرانیش داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان دەکەن کە جێبەجێ کردنەکەی بۆ سەدەی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەموو سزاکانی لەسێدارەدان بەبێ گوێدانە تۆمەت یان بۆچوونی زیندانییەکان شەرمەزار کراوە و زیندانیان دەشڵێن: سزای لەسێدارەدان نامرۆڤانەیە و دەبێت بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە، بەو پێیەی دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدان بەکاردەهێنن بۆ سەرکوتکردنی کۆمەڵگە بە کەڵک وەرگرتن لە شەریعەتی خۆیان و شێوازە یاساییەکانی خۆیان.
لە ڕاگەیەندراوی هەڵمەتەکەدا جەختیکردەوە، "وەک ئەندامانی هەڵمەتەکە پاڵپشتی خەڵک بۆیان بەرز دەنرخێنین، هاوکات پاڵپشتی مانگرتنی گشتی دژ بە سزای لەسێدارەدان لە شارەکانی کوردستان دەکەین و داوا لە هەموو خەڵک دەکەین پشتیوانیان بکەن، جارێکی دیکەش بانگەواز دەکەین لە هەموو زیندانیانی زیندانە جیاوازەکان کە بەشداری هەڵمەتی "سێشەممەی نا بۆ سێدارە" بکەن بۆ ئەوەی بە یەک دەنگ بانگەواز بۆ مافەکانی سزادراوان بکەین".
"بە ڕێکخستنی مانگرتن ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبینەوە"
ڕێکخراوی خوێندکارانی پێشکەوتنخواز پشتیوانی خۆیان لە هەڵمەتی "سێشەممەی نا بۆ سێدارە" لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسەوە خستەڕوو و داوایان لە هەموو کەرتەکان و خزمەتگوزاری و پەروەردەیی و گشتییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان کرد مانگرتنی گشتی بکەن، بۆ ئەوەی پارێزگاکانی دیکە بتوانن لە وڵاتەوە ڕوو لە شوێنەکان بکەن بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سزای لە سێدارەدان، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لە دژی دەستبەسەرکراوانی زیندانەکانی دەرچووە .