ژنانی هیندستان یەک لەسەر سێی ئەنجوومەنی دادگای باڵای وڵاتەکەیان بەدەستهێنا

ژنانی هیندستان لەم ساڵدا سەرکەوتنێکی دیکەیان بەدەست هێنا و توانییان یەک لەسەر سێی کورسییەکانی ئەندامانی ئەنجوومەنی دادگای باڵای وڵاتەکەیان بەدەستبهێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

دادگای باڵای هیندستان بڕیاری دا، یەک لەسەر سێی کورسییەکانی دەستەی بەڕێوەبەریی دادگاکە بۆ ژنان بێت، هەروەها بڕیاریشدا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەندا، پۆستی بەرپرسی گەنجینەی دەستەی کارگێڕی بۆ ژنان دەبێت.

 

لە بڕیارەکەی دادگای باڵای هیندستاندا هاتووە، کەمترین ڕێژەی ئەندامانی ژن لە دەستەی بەڕێوەبەریی یەک لەسەر سێی کۆی ئەندامەکان بێت، واتا سێ لە کۆی نۆ ئەندام، هەروەها کەمترین ڕێژەی ژنان لە ئەندامانی جێبەجێکاری باڵا دەبێت یەک لەسەر سێ بێت، واتە  دوو لە کۆی شەش ئەندام، لەوانەش گرنگتر بڕیاردراوە، دەبێت لانی کەم و بەشێوەی خولیی یەکێک لە پۆستەکانی فەرماندەی گشتیی بۆ ژنان بێت و جەختکراوەتە لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا پۆستی بەرپرسی گەنجینەی دەستەکە بدرێت بە ژنان.

 

باس لەوەکراوە ئەو ڕێژەیە تەنها بۆ مسۆگەرکردنی کۆتای ژنانە، بەپێی شایستەیی خۆیان، مافی ئەوەیان دەبێت لە هەڵبژاردنەکەدا بۆ هەموو پۆستەکانی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕکابەریی بکەن.

 

بڕیارە ڕۆژی ١٦ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی دادگای باڵا بەڕێوەبچێت بەو پێیەی لە ١٨ـی مانگدا ماوەی یاسایی ئەنجوومەنی کارای ئێستا بەسەر دەچێت.