رژاک: وڵاتپارێزان سلێمانی بە لانەی پێکەوە ژیان دادەنێن، بەڵام تیرۆر دەکرێن
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، ئیدانی تیرۆرکردنی وڵاتپارێزانی باکووری کوردستان دەکات کە لە شاری سلێمانی دەژین.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2023/06/20230611-302038526-378297301162500-3804914567197486700-n-jpg7be768-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە بۆ ڕای گشتی، لە دژی تیرۆرکردنی هاوڵاتیان و وڵاتپارێزانی باکووری کوردستان کە لە شاری سلێمانی نیشتەجێن.
دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیە:
" هەروەک چۆن بینیمان لە ڕابوردوودا چەندین وڵاتپارێز و کەسی سڤیل، کە لە باکووری کوردستان لە ستەم و نادادی دەوڵەتی توکیا و دەسەڵاتی خۆسەپێنی ئاکەپە ڕایانکردووە و پەنایان بۆ باشووری کوردستان، بەتایبەتیش بۆ شاری سلێمانی هێناوە و ئێرەیان بە لانەی ئارامی و پێکەوەژیان زانیوە و لێرەشدا لەلایەن دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری هێڵی خیانەت و کەسانێک کە خۆیان فرۆشتۆتە دوژمن، ڕووبەڕووی تیرۆر و کوشتن بوونەتەوە، لەوانە: شوکری سەرحەد، زەکی چەلەبی و ناگیهان ئاکارسەل، دواهەمینیشیان "حوسەین ئاراسان"ە، کە پێش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ٩ی ئەم مانگە لەبەردەم ڕێخراوەکەیان "ڕێخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا" درایە بەر دەستدرێژی گولە و بە سەختی بریندارکرا، دوای مانەوەی ١٧ کاتژمێر لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.
جێگەی تێڕامان و پرسیارە، کە لەشارێکی وەکو سلێمانیدا، کە بە شاری ڕۆشنبیری ناسراوە و لەژێر دەسەڵاتێک کە حزبەکەی بانگەشەی یەکڕیزی و ئاشتەوایی نێو ماڵی کورد دەکات لەهەرچوارپارچە و دەزگا ئەمنییەکانیشی بەچاوکراوە ناسراون، کەچی تا ئێستا هەموو ئەو تیرۆرانە بە بکەر نادیاری ماونەتەوە، جگە لە بێدەنگی هیچ هەڵوێستێکی تریان بە دوادا نەهاتووە، ئەمەش جگە لە ڕەخنە، گومان و پرسیاری زۆر لەخۆیدا هەڵدەگرێت.
ئێمە وەک ڕێخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک داوا لە دەسەڵاتداران و دەزگا ئەمنییەکان دەکەین، کە بە ئەرکی ئەخلاقی و پیشەیی خۆیان هەڵبستن، کە بریتییە لە چەسپاندنی ئارامی و ئاسایش و دۆزینەوەی تاوانباران و بکەرانی ئەم جۆرە کارانە، بە پێچەوانەوە لێکەوتەی خراپ و ئەنجامێک بەدواخۆیدا دەهێنێت، کە زیان بە یەکێتی نەتەوەییمان دەگەیەنێت.
هەروەها داوا لە خەڵکی بوێر و نیشتیمانپەروەری شاری سلێمانی دەکەین، کە بە ڕۆحێکی برپرسیارانە هەروەک چۆن لە ڕابوردووشدا هەیانبووە، لەبەرامبەر تێکدانی ئاساییشی شارەکە و کردنی بە مەیدانی تەراتێن و جوڵەی دەزگا هەواڵگرییە هەرێمی و دەرەکییەکان و سوورکردنی شەقام و کۆڵانەکانی شار بە خوێنی هاوزمان و هاونەتەوەکانیان بێنە دەنگ و دەنگی ناڕەزایەتیان بەڕووی لایەنی پەیوەنددار بە پرسەکە بەرز بکەنەوە.
لێرەدا جارێکی تر تیرۆری سیاسی "حوسەین ئاراسان" و هەموو تیرۆرێکی تر، کە بە هاوکاری کەسانێک کە لەسەر هێڵی خیانەت هاودەستی دوژمنن و هەر ڕۆژ دەست بۆ مرۆڤێکی بوێر و وڵاتپارێز درێژ دەکەن، شەرمەزار دەکەین.
ڕێخراوی ژنانی ئازادی کوردستان