رژاک: وڵاتپارێزان سلێمانی بە لانەی پێکەوە ژیان دادەنێن، بەڵام تیرۆر دەکرێن

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، ئیدانی تیرۆرکردنی وڵاتپارێزانی باکووری کوردستان دەکات کە لە شاری سلێمانی دەژین.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە بۆ ڕای گشتی، لە دژی تیرۆرکردنی هاوڵاتیان و وڵاتپارێزانی باکووری کوردستان کە لە شاری سلێمانی نیشتەجێن.

 

دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیە:

" هەروەک چۆن بینیمان لە ڕابوردوودا چەندین وڵاتپارێز و کەسی سڤیل، کە لە باکووری کوردستان لە ستەم و نادادی دەوڵەتی توکیا و دەسەڵاتی خۆسەپێنی ئاکەپە ڕایانکردووە و پەنایان بۆ باشووری کوردستان، بەتایبەتیش بۆ شاری سلێمانی هێناوە و ئێرەیان بە لانەی ئارامی و پێکەوەژیان زانیوە و لێرەشدا لەلایەن دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری هێڵی خیانەت و کەسانێک کە خۆیان فرۆشتۆتە دوژمن، ڕووبەڕووی تیرۆر و کوشتن بوونەتەوە، لەوانە:  شوکری سەرحەد، زەکی چەلەبی و ناگیهان ئاکارسەل، دواهەمینیشیان "حوسەین ئاراسان"ە، کە پێش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ٩ی ئەم مانگە لەبەردەم ڕێخراوەکەیان "ڕێخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا" درایە بەر دەستدرێژی گولە و بە سەختی بریندارکرا، دوای مانەوەی ١٧ کاتژمێر لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.

 

جێگەی تێڕامان و پرسیارە، کە لەشارێکی وەکو سلێمانیدا، کە بە شاری ڕۆشنبیری ناسراوە و لەژێر دەسەڵاتێک کە حزبەکەی بانگەشەی یەکڕیزی و ئاشتەوایی نێو ماڵی کورد دەکات لەهەرچوارپارچە و دەزگا ئەمنییەکانیشی بەچاوکراوە ناسراون، کەچی تا ئێستا هەموو ئەو تیرۆرانە بە بکەر نادیاری ماونەتەوە، جگە لە بێدەنگی هیچ هەڵوێستێکی تریان بە دوادا نەهاتووە، ئەمەش جگە لە ڕەخنە، گومان و پرسیاری زۆر لەخۆیدا هەڵدەگرێت.

 

ئێمە وەک ڕێخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک داوا لە دەسەڵاتداران و دەزگا ئەمنییەکان دەکەین، کە بە ئەرکی ئەخلاقی و پیشەیی خۆیان هەڵبستن، کە بریتییە لە چەسپاندنی ئارامی و ئاسایش و دۆزینەوەی تاوانباران و بکەرانی ئەم جۆرە کارانە، بە پێچەوانەوە لێکەوتەی خراپ و ئەنجامێک بەدواخۆیدا دەهێنێت، کە زیان بە یەکێتی نەتەوەییمان دەگەیەنێت.

 

هەروەها داوا لە خەڵکی بوێر و نیشتیمانپەروەری شاری سلێمانی دەکەین، کە بە ڕۆحێکی برپرسیارانە هەروەک چۆن لە ڕابوردووشدا هەیانبووە، لەبەرامبەر تێکدانی ئاساییشی شارەکە و کردنی بە مەیدانی تەراتێن و جوڵەی دەزگا هەواڵگرییە هەرێمی و دەرەکییەکان و سوورکردنی شەقام و کۆڵانەکانی شار بە خوێنی هاوزمان و هاونەتەوەکانیان بێنە دەنگ و دەنگی ناڕەزایەتیان بەڕووی لایەنی پەیوەنددار بە پرسەکە بەرز بکەنەوە.

 

لێرەدا جارێکی تر تیرۆری سیاسی "حوسەین ئاراسان" و هەموو تیرۆرێکی تر، کە بە هاوکاری کەسانێک کە لەسەر هێڵی خیانەت هاودەستی دوژمنن و هەر ڕۆژ دەست بۆ مرۆڤێکی بوێر و وڵاتپارێز درێژ دەکەن، شەرمەزار دەکەین.

 

ڕێخراوی ژنانی ئازادی کوردستان