شکاندنی بەردی گۆڕی ژینا ئەمینی بۆ جاری سێیەم

دوای دوو ڕۆژ لە بڵاوبوونەوەی وێنەکانی شکاندنی بەردی گۆڕی ژینا ئەمینی، بۆ جاری سێیەم هێرش کرایە سەر گڵکۆکەی و بەشێکی دیکەی بەردی گۆڕەکەی لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە شکێندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، وێنەیەکی بەردی گۆڕەکەی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە دوای دوو ڕۆژ لە شکاندنی شوشە گەورەکەی سەر بەردی گۆڕی ژینا ئەمینی، دیسان شووشەی لاوەکی و هەروەها شووشەی سەرەوەی بەردی گۆڕەکەی ژینا ئەمینییان کردەوە و بردیان.

 

ئەم پارێزەرە هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە گۆڕستانی ئایچی سەققز بەشێکە لە ناوچەی شارەوانی ئەم شارە و پێویستە کارمەندان و پاسەوانانی شارەوانی ئاگاداری ئەو ڕووداوانە بن کە لەم ناوچەیە ڕوویانداوە، ڕاپۆرتی دا کە "تاج"ی سەر وێنەی بەردی گۆڕی ژینا ئەمینی بەهەمان شێوە شکاوە.

 

ناوبراو لە درێژەدا دەشڵێت: پێویستە شارەوانی سەقز بۆ بنەماڵەی ژینا ئەمینی و خەڵک ڕوونکردنەوە بدات ئەگەر خۆیان بەرپرسیار بوون لەو کردەوەیە و ئەگەر نەبوون لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت کە نەیانزانیووە لە گۆڕستانی ئایچی ئەو جۆرە کارانە دەکرێت، کە لە گۆڕستانی ئایچی شوێنی شارەوانییە.

 

پێشتریش ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی ئایار، ئەشکان ئەمینی برای ژینا ئەمینی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام وێنەیەکی گۆڕی خوشکەکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە شووشەی گۆڕەکەی بۆ جاری دووەم شکاوە و نووسیویەتی: "شووشەی بەردی گۆڕەکەت هەروەها بێزاریان دەکات، هەزار جار بیشکێنە، جارێکی تر چاکی دەکەینەوە، با بزانین کێ ماندوو دەبێت بۆ جاری دووەم."