"مافی ژنانی بەلوچی بە شێوەیەکی سیستماتیک پێشێل دەکرێت"

لە ڕاپۆرتێکدا کە کەمپەینی ژنانی بەلوچی بڵاویکردووەتەوە، تیشکی خستووەتە سەر مافەکانی ژنانی بەلوچی کە بەشێوەیەکی سیستماتیک پێشێل دەکرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

کەمپەینی ژنانی بەلوچی لە راپۆرتێکدا کە بڵاویان کردووەتەوە ئاماژەیان بەوەداوە بە شێوەیەکی سیستماتیک مافەکانی ژنانی بەلوچی لە وڵاتی ئێران پێشێلدەکرێت، هەروەها هاتووە کە لە مافی مرۆڤەوە هەتا بواری پەروەردە و تەندروستی پێشێلکاری هەیە و جیاکاری و نادادپەروەری و بێڕێزی بە کەسایەتی تاکی بەلوچی دەکرێت.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا جەختکراوەتە سەر ئەوەی لەناو ڕژێمی ئێراندا ژن بوون بە واتای دووەمین ڕێبازی مرۆڤە و ژنانی بەلوچی دووجار گوشاریان لەسەرە، "لە دۆخی ئێستای کۆمەڵگای ئێراندا ژنانی بەلوچی وەک پێگەی دووەم و سێیەمی مرۆڤ سەیر دەکرێن، ئەو ژنانە لەلایەن هاوژینەکانیان و دەوڵەتەوە ڕووبەڕووی زوڵم و ستەم دەبنەوە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە کە ژنێک بە ناوی زەخاتون مەزارزەهی، بەلوچی، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، لەکاتێکدا پارێزەری نەبووە و لە دادگادا هەموو تۆمەتەکانی ڕەت کردووەتەوە، " لە دادگاییەکەدا کە بەبێ بەرگریکار ئەنجامدرا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، کەیسی ژنێک بە ناوی زەخاتون مەزارزەهی لە ئێستادا چاوەڕێی پەسەندکردنی سزاکەیەتی لە دادگای باڵا".

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، دوو ژنی بەلوچ بە ناوەکانی ڕەحیمی کورد تەمین و جانی دێکەلی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بەهۆی هاوژین و منداڵەکانیان لە زینداندا ڕاگیراون، چونکە هەتا ئێستا پیاوانی تۆمەتبار کە لە خێزانەکەیاندان دەستگیرنەکراون ئەو ژنانە بە دیل گیراون.

 

ت.پ