زیادبوونی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان مەترسیدارە

عێراق لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری زیادبوونی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکاندایە، کە هەڕەشە لە داهاتووی عێراق دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

عێراق کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران، سوریا و سعودیە، لە مێژە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیاکەیەوە ناوەندی پەرەسەندنی بازرگانی بووە، هەر بۆیە سەرهەڵدانی ماددە هۆشبەرەکان تیایدا زیادیکردووە.

 

لەم ساڵانەی دواییدا، عێراق شایەتحاڵی بەرزبوونەوەی گەورەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بووە، ئەمەش وایکردووە دەسەڵاتداران بەدوای چارەسەردا بگەڕێن، چ لەڕێگەی سەرکوتکردنی بازرگانان و چ لەڕێگەی یارمەتیدانی ئالوودەبووان.

 

میتامفیتامین، یان کریستاڵ میت، سەرچاوەکەی لە ئەفغانستان یان ئێرانە، لە باوترین ماددە هۆشبەرەکانی ئەمڕۆی عێراقە، شانبەشانی کاپتاگۆن کە لەسەر ئاستی پیشەسازی لە سوریا بەرهەمدەهێنرێت، لە ڕێگەی عێراقەوە بازرگانی پێوەدەکرێت بۆ سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو.

 

عێراق ناوەند و دامەزراوەی چارەسەرکردنی ئالوودەبووانی دامەزراندووە، بەزۆری نەخۆشەکان نزیکەی مانگێک لە دامەزراوەکە دەمێننەوە، کە بەشێکی ژنانیش لەخۆدەگرێت، پشتگیری دەروونیان پێشکەش دەکرێت، کاتێکیش لە دامەزراوەکە دەردەچن هەفتانە دەگەڕێنەوە بۆ پشکنین بۆ ماوەی شەش مانگ.

 

ئێستا هێزە ئەمنییەکانی عێراق ڕۆژانە دەستبەسەرداگرتنی ماددە هۆشبەرەکان ڕادەگەیەنن، لە ئۆپەراسیۆنەکاندا کە لەلایەن هەواڵگری و هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پاڵپشتی دەکرێن.

 

حسێن تەمیمی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکانی عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، دەسەڵاتداران لە نێوان مانگەکانی تشرینی یەکەم و حوزەیران زیاتر لە ١٠ هەزار تۆمەتباریان دەستگیرکردووە بەهۆی تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان.

 

بەگوێرەی ئاماری دەزگا حکومییەکان، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ١٠ ملیۆن حەبی کاپتاگۆن و ٥٠٠ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری دیکەدا گرتووە، کە لانیکەم ٣٨٥ کیلۆگرام مادەی کریستاڵ میتیان تێدایە.