دەم پارتی: قەیوم هەڵدەوەشێتەوە و گەل سەردەکەوێت

دەم پارتی سەبارەت بە دانانی قەیووم لە شارەوانی قاغزمان کاردانەوەی نیشان دا و ڕایگەیاند، قەیوم، شەڕی دەسەڵاتداری ئاکەپەیە لە دژی مافی هەڵبژاردن و دەنگدانی خەڵک و ئەوانە لە ئیرادەی گەل دەترسن.

ناوەندی هەواڵ

 

پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان-دەم پارتی، لەسەر لاپەڕە فەرمییەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە دانانی قەیووم لە شارەوانی قاغزمانی قەرس ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوانەی لە ئیرادەی گەل دەترسن، دیسانەوە سەردەکەون، دانانی قەیوم لە شارەوانی قاغزمان، بە واتای شەڕ دێت کە دەسەڵاتداری ئاکەپە لە دژی مافی هەڵبژاردنی گەل دەستی پێکردووە، لەبەر ئەوەی شارەوانییەکانی ئێمە خزمەتی گەل دەکەن و سیستەمی نادادپەروەری هەڵدەوەشێننەوە بۆیە دەکرێن بە ئامانج، بەڵام نە ئێمە و نە گەلەکەمان سەپاندنی قەیوم قبوڵ ناکەین.

 

ڕاشیگەیاند، ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئەمەی کە لە دژی دیموکراسی، ئیرادەی گەل و دژی هاوسەرۆکانی هەڵبژێردراوی شارەوانی دەکرێن قبوڵ ناکەین، سیستمی قەیوم هەڵدەوەشێتەوە و گەل سەردەکەوێت.

 

لە ٢٠ی شوبات وەزارەتی ناوخۆی دەوڵەتی تورک، بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە ڕێکخستن” سزای ٦ ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەر محەمەد ئاڵکان، هاوسەرۆکی شارەوانی لە پشکی دەم پارتی سەپاند و ئۆکان داشتان، قائیمقامی ناوچەکەی وەک قەیوم لە جێگەی دانا.