دەم پارتی: با هیچ بکوژێک نەپارێزرێت و نەشاردرێتەوە

ئەندامانی ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی لە باگجلار کۆبوونەوە و داوایان کرد بکوژانی ڕۆژین کەبایش و ژنان بدۆزرێنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان "دەم پارتی" لە باگجلاری ئیستەنبوڵ ڕاگەیەندراوێکییان لەبارەی زیادبوونی کوشتنی ژنان بڵاوکردەوە. ژمارەیەکی زۆر ژن بەشداری چالاکییەکە بوون. پانکارتەکانی "ڕۆژین بێدەنگ کرا"، "چی بەسەر ڕۆژین هات؟"، "داوای ئێمە ڕوونە: دادپەروەری" و "دادپەروەری بۆ ڕۆژین کەبایش" بەرزکرانەوە و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" وترایەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو: با هیچ بکوژێک نەپارێزرێت و نەشاردرێتەوە. با هیچ زانیاری و بەڵگەیەک نەشاردرێتەوە."

ئاماژەش بۆ ئەوەکرا"لە نیوەی ئەم ساڵدا ١٣٦ ژن کوژراون و ١٤٥ ژنیش بە گوماناوی گیانیان لەدەست داوە. تەنها لە مانگی ئەیلوولدا ٢٠ ژن کوژران. سیاسەتەکانی شەڕی تایبەت کە لە شارە کوردییەکانەوە دەستیپێکردووە و بە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوبووەتەوە، بەردەوامن. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە ئاسایشی ژیانی ژنان بوونی نییە. ئێمە تا ئێستا لە بەرامبەر هێرشەکاندا خۆڕاگر بووین و لەمەودواش خۆڕاگر دەبین.