دۆخی یەمەن بەهۆی نەبوونی خۆراکەوە بەرەو خراپتر دەچێت

ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر توندبوونی نەبوونی خۆراک و خراپی دۆخی ئابووری هاوڵاتیان لە یەمەن کردەوە.

یەمەن

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ٢٠٢٣ بڵاوکرایەوە، دۆخی یەمەن لە ١٠% لە ڕووی نەبوونی و خراپی دۆخی ئابووریەوە خراپتر بووە.

 

ڕاپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، تا مانگی ئایاری ڕابردوو، دۆخی خۆراک لە یەمەن بەردەوام لە خراپ بووندا بوو، کە تێکچوونی ئاسایشی خۆراک بە ڕێژەی لە ١١% بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ڕێژەی ئەو خێزانانەی کە بەدەست کەمی خواردنی خۆراکەوە دەناڵێنن لە ناوچە حکومییەکان لە ٢.٤٣% لە مانگی ئایاری٢٠٢٣  بۆ٣.٥٧%  مانگی ئایاری ٢٠٢٤ زیادیکردووە.

 

ناوبراو باسی لەوەشکرد، تێکچوونی ئاسایشی خۆراک لە ناوچە حکومییەکان بۆ دابەزینی هاوکاری خۆراک و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک دەگەڕێتەوە، ئەمە جگە لە لاوازی بەهای ڕیاڵی یەمەن، ئاماژەی بەوەشکرد، ٦٤%ی خێزانەکانی ئەو ناوچانە شایەتحاڵی کەمبوونەوەی داهات بوون بە بەراورد بە ساڵی پێشوو.

 

شارەکانی ئەبیەن، بەیزا،جەوف، حەجە، لەحج، شەبوە و تەعز شاهیدی بەرزترین ڕێژەی نەبوونی ئاسایشی خۆراک بوون، خێزانەکان لە زۆربەی ئەو شارانە بەدەست زیانەکانی داهات و هەلی کارەوە دەناڵێنن، کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی برسێتی و دابەزینی خۆراک.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاشکرایکردووە، نزیکەی ٥٤%ی خێزانە یەمەنییەکان تووشی بارودۆخێکی سەخت بوون کە ئەم ململانێیانە کاریگەری لەسەر داهاتیان کردووە، داواشی کرد کە پێویستی خێراترکردنی فراوانکردنی دابینکردنی هاوکاریی بەپەلەی خۆراک و دابینکردنی بژێوی ژیان بەتایبەتی لەو ٧ شارەی کە زۆرترین پێویستییان هەیە و زۆرترین ڕێژەی تێکچوونی ئاستی ئاسایشی خۆراکیان بەخۆوە بینیووە گرنگە.