یونیسێف: ملیۆنان منداڵ لە یەمەن ڕووبەڕووی بەدخۆراکی توند دەبنەوە

یونیسێف دووپاتی دەکاتەوە کە ملیۆنان منداڵ لە یەمەن ڕووبەڕووی مەترسییەکانی بەدخۆراکی زیاتر دەبنەوە، هەر ١٠ خولەکێک منداڵێک دەمرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ هەینی ٢٤ی ئادار، سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان-یونیسێف هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "زیاتر لە ٤٥٠ هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ ڕووبەڕووی بەدخۆراکی توند دەبنەوە، کە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات، بە ملیۆنان منداڵ ڕووبەڕووی مەترسی زیاتری تووشبوون بە نەخۆشی دەبنەوە، ئەگەر بەپەلە بودجە تەرخان نەکرێت، چونکە بە تێکڕا، لە هەر ١٠ خولەکێکدا منداڵێک بەهۆی هۆکاری ڕێگریکردنەوە دەمرێت".

 

ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە کە “بەپەلە پێویستی بە ٤٨٤ ملیۆن دۆلار هەیە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا، بۆ یارمەتیدانی ١١ ملیۆن منداڵ لە هەژارترین وڵاتی نیمچە دوورگەی عەرەبی کە بەهۆی شەڕەوە وێران بووە و ئەو شەڕە زیاتر لە هەشت ساڵ بەردەوام بووە، ئەگەر پەلەش نەکرێت، ڕەنگە ملیۆنان منداڵ ڕووبەڕووی مەترسی زیاتر ببنەوە بەهۆی بەدخۆراکییەوە.

 

هۆشدارییەکەی ڕێکخراوەکە هاوکات لەگەڵ ڕاپۆرتی ڕێکخراوی جێبەجێکردنی منداڵان، کە دوێنێ پێنجشەممە ٢٣ی ئادار بڵاوکرایەوە و تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ژمارەی منداڵانی قوربانیی مین و تەقەمەنی لە یەمەن هەشت هێندە زیادی کردووە و ڕاپۆرتەکەش پشتڕاستی کردەوە کە، "منداڵێک کوژراوە یان بریندار بووە" بە تێکڕا لە هەر دوو ڕۆژێکدا، ئەمەش بەرزترین ڕێژەیە لە ماوەی پێنج ساڵدا.

 

شایانی باسە، وڵاتانی بەخشەر بەڵێنیان داوە دوو ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ دانیشتووانی یەمەن دابین بکەن، ئەمەش بووە هۆی دڵگرانی ڕێکخراوە فریاگوزارییە مرۆییەکان کە داوای زیاتر لە ٤ ملیار دۆلاریان دەکرد، بە پێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە ٧.٢١ ملیۆن کەس لە یەمەن پێویستیان بە یارمەتییە مرۆییەکان هەیە.