ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە باسیان لە ڕۆڵی ژنان کرد لە سیاسەت و چارەسەری دیموکراسیدا

 ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە وۆرک شۆپێکی لە ژێر دروشمی "ڕۆڵی ژنان لە سیاسەت و چارەسەری دیموکراسی لە سووریا" سازکرد.

 ڕۆنیدا حاجی

 

 حەسەکە- ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە وۆرکشۆپێکی بە بەشداری ۱٥۰ ژن لە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان ئەنجامدا، لە وۆرک سۆپەکەدا باس لە هۆکار و هەلومەرجی شۆڕش و دەستکەوتەکانی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا و ڕۆڵی ژنان لە سیاسەتی دیموکراسیدا کرا.

 

 'لە بەرامبەر عەقڵییەتی کۆنەپەرستانە و ئینکاریگەرایی، شۆڕش دەستی پێکردووە'

 دوای خولەکێک بێدەنگی، یەکەم تەوەر بەناونیشانی 'هۆکار و بارودۆخی شۆڕش'، لەلایەن ڤیڤیان بیهۆ هاوسەرۆکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی جزیرە پێشکەشکرا.

 

ڤیڤیان بەهۆ لە سەرەتای قسەکانیدا پیرۆزبایی ٨ی ئاداری لە هەموو ژنانی جیهان کرد و وتی: مێژووی ژنان پڕە لە خەبات و بەرخۆدان، لە کۆمەڵگەی سروشتیدا ژن تا سەردەمی سۆمەری وەک خوداوەند و خوڵقێنەر سەیر دەکرا، واقیعی ژن لەگەڵ سەرهەڵدانی عەقڵیەتی پیاوسالاری ون بوو، تێکۆشان و خۆڕاگری ژنان لە هەموو باکگراوندەکاندا لە بەرامبەر ئەم عەقڵیەتەدا تا ئەمڕۆش بە درێژایی مێژوو بەردەوامی هەبووە، عەقڵیەتی حوکمڕانی پیاو لە ڕێگەی ژنەوە کۆمەڵگەی کردووە بە کۆیلەی خۆی، مافی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا قەدەغە کراوە و کۆمەڵگە لە تاریکی زوڵم و ستەمدا ماوەتەوە، بۆ نەهێشتنی ئەم تاریکی و ستەم و چەوساندنەوەیە، شۆڕشێک بە پێشەنگایەتی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستی پێکرد، خەباتی ژنان لەدژی ئەم عەقڵیەتە دوەکەوتووە ساڵانێکە بەردەوامە و بۆ گەیشتن بەم خاڵە ژنان باجێکی قورسیان داوە، بۆیە بنیاتنانی سووریایەکی ئازاد و دیموکراسی بە ئەرکی سەرەکی خۆمان دەزانین، ئێمە ئەو سیاسەتی جینۆساید و کۆیلەکردنە ئیدانە دەکەین کە دژی ژنان بەڕێوەدەچن و داوا دەکەین پێکەوە سووریایەک بە ویژدانێکی ئازادەوە بە زیندووکردنەوەی ڕۆحی ژنانی تێکۆشەر بنیات بنێین.

 

 تەوەری دووەم بەناونیشانی 'دەستکەوتەکانی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا'، لەلایەن مەریم ئیبراهیم هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێکەشکرا،  مەریەم ئیبراهیم جەختی لەوە کردەوە کە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بە ڕۆحی خەباتی شەڕڤانانی یەپەژە بەدیهاتووە و وتیشی: کاتێک باس لە دەستکەوتەکان دەکەین، دەبێت باسی شەڕڤانانی یەپەژە بکەین، لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا یەپەژە ڕێگەی خۆشکرد بۆ بەدەستهێنانی هەموو دەستکەوتەکان، سەرەتا ئەو عەقڵیەتی پیاوسالاری شکاند کە ژنی وەک شەڕڤان نەدەبینی و دەستی کرد بە شکاندنی هەموو شەرت و مەرجەکانی کۆیلایەتی، هێزی یەپەژە، هێزێک کە هەموو جیهان لێی دەترسێت، لە دژی داعش شەڕی کرد.

 

'دوای ٥۰۰۰ ساڵ هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی لەلایەن ژنانەوە نووسرا'

 تەوەری کۆتایی وۆرکشۆپەکە بەناونیشانی 'ڕۆڵی ژن لە سیاسەتی دیموکراسیدا'، لەلایەن سەما بەگداش هاوسەرۆکی قوتابخانەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)، پێشکەشکرا و وتی: ڕۆڵی ژنان لە سیاسەتی دیموکراسیدا گرنگ و پێویستە، دەبێت ئەزموونی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وەک بنەمایەک وەربگیرێت، سەدەی ئازادی ژن لەسەر ئایدۆلۆژیای ئازادی ژن دامەزراوە و بەم ئایدۆلۆژیایەش سووریایەکی دیموکراسی بە پێشەنگایەتی ژنان لە گۆڕەپانی سیاسیدا بنیات دەنێین، ئێمەی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورە و مێژووییداین، چونکە لە سووریا مەترسی لەسەر ژنان و پێکهاتەکان هەیە، ئەمڕۆ دوای پێنج هەزار ساڵ، ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە قەڵەمەکانی خۆیان یاسای خۆیان دادەنێن، هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی خۆیان دەنووسن، ئەمانە هەنگاوی گرنگ و پیرۆزن، بۆیە ئەگەر بمانەوێت هەموومان ببینە دەنگی ئەم شۆڕشە، دەبێت لە ڕێکخستنەکەماندا ستراتیژی بین،  لەم پڕۆسەیەدا ئینکاری ڕۆڵی ژنان لە بنیاتنانی سووریای نوێدا جێگای قبوڵکردن نییە، لە بەرامبەر ئەم پلانانەدا، یەکگرتوویی ژنانی سووریا پێویستە، بە پەرەپێدانی میتۆدێکی دیموکراسی بۆ گەیشتن بە ژنان لە سوریا، چونکە چەندین پلان و شەڕی تایبەت دژی یەکگرتوویی پێکهاتەکان بەڕێوەدەچن، با وەڵامی ئەم پلانانە بدەینەوە.

 

 وۆرکشۆپەکە بە گفتوگۆکردن لەسەر ڕزگاری ژنان و ئەو بیرکردنەوە پیاوسالارییەی کە کۆمەڵگە بەرەو لەناوچوون دەبات و گرنگی نووسینی دەستووری سووریا بە قەڵەمی ژنان کۆتایی هات.