ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان: دەبێت دیپۆرتکردنەوەی ژنانی ئەفغانستان ڕابگیرێت
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕایانگەیاند، داوا لە وڵاتان دەکەین کۆتایی بە دیپۆرتکردنەوەی هاوڵاتییانی ئەفغانستان و بەتایبەتی ژنان بهێنن ، دەشڵێن: ژنان ڕووبەڕووی ئازاردانی جەستەیی و دەروونی و هەڕەشە دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ
لە ١٧ـی شوباتی ئەمساڵدا پۆلیسی پاکستان ٣٠ ژن و ٦٥ منداڵی دیپۆرتی ئەفغانستان کردەوە، لە ماوەی ساڵ و نیوێك پاکستان زیاتر لە هەشت هەزار پەنابەرانی ئەفغانی بەبێ بەڵگەنامەی نیشتەجێبوون دیپۆرت کردووەتەوە کە زۆرینەیان ژن و منداڵن. جێگای ئاماژەیە، دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان، ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مافەکانی ژنان و سەربازانی پێشوو و پارێزەران و دادوەران و ژنانی ناڕازی ناچار بوون لە ترسی تۆڵەسەندنەوەی تاڵیبان بەرەو پاکستان هەڵبێن.
سەبارەت بە دۆخی هاوڵاتیانی ئەفغانستان و بەتیبەت ژنان کۆمسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەران و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران لەبارەی دیپۆرتکردنەوەی ژنانی ئەفغانستان لەلایەن پاکستانەوە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، داوا لە وڵاتان دەکەین کۆتایی بە دیپۆرتکردنەوەی هاوڵاتییانی ئەفغانستان بهێنن و بە تایبەتی ژنان، ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و هونەرمەندان.
هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، ٠٤٪ ملیۆن هاوڵاتیی ئەفغانی بە زۆرەملێ گەڕێندراونەتەوە بۆ ئەفغانستان و لەوانە ژن و کچانن، کە لەلایەن تاڵیبانەوە ڕووبەڕووی چەوساندنەوە ئازاردانی جەستەیی و دەروونی، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و هەڕەشەی ئەمنی دەبنەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکە ئەوەش هاتووە، هەر دوو ڕێکخراوەکە بەردەوامن لە ڕاگرتنی گەڕانەوەی هاوڵاتییانی ئەفغانستان بە زۆرەملێ، دەبێت گرنگی تایبەت بە بارودۆخی یاسایی و مرۆیی هەموو هاوڵاتییانی ئەفغانی بدرێت و ڕێگە لە دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانە بگیرێت کە لەوانەیە ڕووبەڕووی مەترسی گەورە ببنەوە.