یەپەژە: لە پڕۆسەی یەکخستنەوەدا وەک هێزێکی سەربەخۆ بەشدار دەبین
یەپەژە لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە پڕۆسەی یەکخستنەوە، ڕایگەیاند کە لە گفتوگۆکانی پەیوەندیدار بە پڕۆسە نوێیەکەدا، وەک هێزێکی سەربەخۆ بەشدار دەبێت و بنەمای سەرەکیی ئەو هێزە پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنانە.
ناوەندی هەواڵ – یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، سەبارەت بە دوا گۆڕانکارییەکان و پڕۆسەی یەکخستنەوە. یەپەژە جەختی کردەوە کە لە هەموو گفتوگۆکاندا سەبارەت بە پێکهاتەی نوێ، پاراستنی ناسنامە، ئەزموون و دەستکەوتەکانی ژنان بنەمای سەرەکیی کارەکانیانە.
یەپەژە، کە لە شەڕی دژی تیرۆر و پاراستنی بەهاکانی مرۆڤایەتیدا ڕۆڵ و پێگەیەکی گرنگی هەیە، خەڵکی ناوچەکە و ڕای گشتی لەبارەی پڕۆسە نوێیەکەوە ئاگادار کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی یەپەژەدا هاتووە کە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی ئارامی لە ناوچەکە و بنیاتنانی داهاتوویەکی سەلامەت، گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنەکان سەبارەت بە پڕۆسەی یەکخستنەوە بەردەوامن. یەپەژە ئاشکرای کردووە کە لەم پڕۆسەیەدا وەک هێزێکی سەربەخۆ و تایبەت پێگەی خۆی دەپارێزێت.
«یەپەژە هێمای ئیرادە و ماندووبوونی ژنانە»
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە یەپەژە تەنها هێزێکی سەربازی نییە، بەڵکو هێمای ئیرادە و ماندووبوونی ژنانیشە. بۆیە ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە گفتوگۆی فراوان سەبارەت بە وردەکارییەکانی بەشداری و ڕۆڵی یەپەژە لە پێکهاتەی نوێدا، لەسەر بنەمای پاراستنی ناسنامە، ئەزموون و دەستکەوتەکانی ژنان بەردەوامە.
یەپەژە لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی کردەوە کە لە هەموو هەنگاوێکدا، هێڵی سەرەکیی کاریان پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل و مافە ڕەواکانى ژنانە. هەروەها ڕایگەیاند کە ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە لە ماوەی داهاتوودا بە ڕوونی لەگەڵ ڕای گشتیدا هاوبەش دەکرێت.