نووسەران و ڕێکخراوەکانی باشووری کوردستان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بانگەوازییان کرد

نووسەران، ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی باشووری کوردستان سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، پێویستە هەموو لایەنەکانی باشوور ئەرکی خۆیان بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان جێبەجێ بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

نووسەران و چالاکوانان و زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی باشووری کوردستان سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو تێیدا ئاماژە بە ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی تورکیا کراو باس لەوە کرا کە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان جینۆساید و وێرانکارییە، بۆیە پێویستە هەموو لایەک ڕۆڵی خۆیان بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان بەجێبهێنن.

 

ده‌قى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌:

بانگەوازێك بۆ پاراستنی هاونیشتمانیان لەڕۆژئاڤای کوردستان

ـ ئامانجی تورکیا جینۆسایدو قڕکردن و لەناوبردنی کوردە لەڕۆژئاوای کوردستان

 

ـ حکومەتی هەرێم، پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەڕۆژئاوای کوردستان لەدابینکردنی خۆراک‌ و داودەرمان‌ و پێداویستی مرۆیی جێبەجێ بکات.

 

وەك ئاشکرایە، ڕوداوو گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی سووریا، کە کۆتایی بەحکومڕانی ٥۳ ساڵی ڕژێمی ستەمکاری بەعس هێنا، زەمینەیەکی لەباری بۆ پێکەوە ژیان‌ و دابینکردنی مافی گەلان لەسوریادا ڕەخساندوە کە هەموان تیایدا یەکسان ‌و سەربەست بژین.

 

ئەمڕۆ، پێچەوانەی یاساو ڕێسا نێودەوڵەتییەکان‌ و بنەماکانی مافی مرۆڤ‌ و مافی ژیانێکی شکۆدار بۆ هەموو مرۆڤەکان، هەروەها پێچەوانەی مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەکان لەسووریا، دەبینین پلانێکی شەڕانگێزی دژ بەڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا‌و گروپە چەتەکانی سەر بە تورکیا دەستیپێکردوە، ئەو هەڵمەتە داگیرکارییە فراوانخوازییە، هاونیشتمانیانی کوردو پێکهاتەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان کە بە"باکوورو ڕۆژهەڵاتی"ش ناوزەد دەکرێت، کردوه‌تە ئامانج.

 

ئەم پێشهاتە مەترسیدارە، زەنگی سەرەتایەکی ڕونە بۆ جینۆسایدو قڕکردن ‌و لەناوبردنی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان‌و سووریا، بەتایبەتیش دوای گۆڕانکارییەکان‌و ئەو شڵەژان‌و ناسەقامگیرییە ڕاستەوخۆیەی لەناوچەکەدا هاتوه‌تە ئاراوە، لەوەها دۆخێکیشدا، ئەرکی هەموو دەستەبژێری سیاسی ‌و حزب‌ و لایەنە کوردستانییەکان‌ و هەموو هاوڵاتییەکی کوردو هەموو ئازادیخوازێکە ڕێگریی لەداگیرکاری بکات ‌و دژ بەو شەڕانگێزیی‌ و فراوانخوازییەی تورکیا بوەستێتەوە.

 

لێرەدا نوسەران‌ و چالاکوانان ‌و ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید، لەم ساتەوەختە مێژووییەدا، بانگی هەموو خەڵکی کوردستان دەکەن، لەسەر هەموو ئاستە حزبی ‌و مەدەنی ‌و هاوڵاتییانی هەر چوار پارچەی کوردستان، ڕۆڵی مێژوویی خۆیان ببینن ‌و ڕووبەڕووی فراوانخوازی دەوڵەتی تورک ‌و گروپە چەتەکانی ببنەوە، لەپێناو ئاشتی ‌و ژیانێکی بەڕومەت بۆ دانیشتووانی ڕۆژئاوای کوردستان، کە لەئێستادا هەوڵی لەناوبردن ‌و سڕینەوەی ناسنامەیان دەدرێت.

 

لەم ساتەوەختەدا، ئەرکی هەموو حزبە کوردستانییەکانی هەرێمی کوردستانە، ڕۆڵی مێژوویی خۆیان ببینن بۆ پاراستنی ڕۆژئاواو پاراستنی ناسنامەی کوردبوون‌ و کوردستانیبوونی ڕۆژئاوا، بەگرتنەبەری هەموو میکانیزمە یاسایی ‌و دیپلۆماسییەکان، لەپێناو فشارخستنەسەر دەوڵەتی تورک‌ و چەتەکانی بۆ دەست هەڵگرتن لەڕۆژئاواو سەپاندنی ئاشتی سەرتاسەری.

 

هەروەها ئەرکی حکومەتی هەرێمه‌، لەچوارچێوەی ڕێکارە یاساییەکان ‌و به‌گوێره‌ى بڕیاری پەرلەمانی کوردستان، ژمارە "۲٤"ی ساڵی ۲۰۱٤، پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەڕۆژئاوای کوردستان لەدابینکردنی خۆراک ‌و داودەرمان‌ و پێداویستی مرۆیی جێبەجێی بکات.

 

لەکۆتاییدا؛ ئێمە وەك نوسەران‌ و چالاکوان‌ و ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید، بەهەموان دەڵێین ئیدی نابێت جینۆساید دووبارە ببێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هۆشداریی بەهەموو لایەك دەدەین، کە ئامانجەکانی ڕژێمی تورکیا، زەنگی سەرەتایەکی ڕوونە بۆ جینۆسایدو قڕکردن ‌و لەناوبردنی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان‌و سوریا.

 

نوسەران ‌و چالاکوانان‌و ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید ـ ١٢/١٢/٢٠٢٤

۱- رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید - KWG

۲- گۆڤاری تۆپزاوە ـ تایبەت بە پرسی ئەنفال و جینۆساید

۳- ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قوربانیان و جینۆسایدكراوان

٤- تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN

٥ـ رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD

٦- رێكخراوی چیرۆكەكانی ئەنفال

۷- تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی - کۆنچیچچ

۸- رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC

۹-رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان

۱۰-رێكخراوی دادپەروەری و ئاشتی جیهانی بۆ مافی مرۆڤ

۱۱-  رێكخراوی چاودێری كوردۆساید - چاك

۱۲- ڕۆژنامەی نوگرەسەلمان

۱۳- رێكخراوی جیهانێكی بێ چەكی كیمیاوی و بایۆلۆجی

۱٤- هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان

۱٥- رێکخراوی داکۆکی لە قوربانیانی گۆرە بەکۆمەڵەکان

۱٦- هێمن حەسیب ــ نووسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید

۱۷ــ عەلی مەحمود ــ نووسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید

۱۸- عەدالەت عومەر ــ نووسەرو لێكۆڵەری بواری جینۆساید

۱۹- محەمەد حمە ساڵح تۆفیق ــ نووسەر و لێکۆڵەری بواری جینۆساید

۲۰- د. ئیبراهیم مەلا زادە ــ نووسەرو لێكۆڵەری بواری جینۆساید

۲۱- شاخەوان شۆڕش ــ نوسەر و لێکۆڵەری بواری جینۆساید

۲۲- هاوڕێ پێشڕەو ــ پێشمەرگەی دێرین و کەسوکاری ئەنفالکراو

۲۳- ئەحمەد مەجید ــ چالاکوانی بواری جینۆساید و کەسوکاری ئەنفالکراو

۲٤- هەژار هوشیار ــ لێکۆڵەری بواری جینۆساید

۲٥- خەلیل رەحیم ــ چالاکوانی بواری جینۆساید

۲٦- جەبار ئەحمەد ــ توێژەر لەبواری جینۆساید

۲۷- حمە زرنگ ــ چالاکوانی بواری جینۆساید

۲۸- هابیل ئەحمەد کەریم ــ بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال

۲۹- گەردە مامە حەمە ــ چالاکوانی بواری مافی مرۆڤ

۳۰- دلێر کەریم ــ نووسەر و چالاکوانی بواری مافی مرۆڤ

۳۱- ئیبراهیم هەورامانی ــ نووسەری بواری جینۆساید

۳۲- سالار مەحمود ــ نووسەری بواری جینۆساید

۳۳- هوشیار مرادخان ــ نووسەری بواری جینۆساید

۳٤- رۆشنا جەمال مەحمود ــ چالاک و پسپۆری جینۆساید

۳٥-  ئارام هەڵەدنی ــ نووسەر و ڕۆژنامەنووس

۳٦- رەشید عەلی سەعید ــ نوسەر لەبواری جینۆساید

۳۷- مەلاشاخی ــ نووسەر لەبواری جینۆساید

۳۸- گوڵناز عەزیز ــ نوسەری بواری جینۆساید

۳۹- قاسم کازم ــ چالاکوانی بواری جینۆساید

٤۰- ناجی تالیب ــ چالاکوانی بواری جینۆساید