"حکومەت باکی بە هەژاران نییە"

لە بەرامبەر پێنەدانی مووچە و جێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکانی بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی درابوو، دوێنێ لە هەڵەبجە گردبوونەوەیەکی جەماوەری ئەنجامدرا و مامۆستایەکیش دەڵێت: حکومەت باکی بە هەژاران نییە".

هەڵەبجە

 

دوێنێ لە شاری هەڵەبجە گردبوونەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، بە هۆی پێنەدانی مووچە بۆ ماوەی سێ مانگ و جێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکانی بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی درابوو، ئەنجامدرا و مامۆستایانی ژنیش باس لە بێ باکی دەسەڵات و حکومەت دەکەن لە بەرامبەر هاوڵاتی و هەژاراندا.

 

نادیە محەمەد، مامۆستای ناڕازی و بەشداربوونی گردبوونەوەکە، بۆ نوژنها دوا و وتی: ئێمە وەک مامۆستایان و فەرمانبەرانی نارازی هاتووینەتە سەر شەقام و بەردەوامین لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو دەسەڵاتەی کە گوێی نییە بۆ بیستن و چاویان نییە بۆ بینین، پێویستە حکومەت سەیری دەوروبەر بکات و بزانێت چی دەگوزەرێت.

 

سروشت سیروان، مامۆستایەکی دیکەی ناڕازییە و باسی لەوەکرد، حکومەت باکی بە فەقیر و هەژاران نییە، وتیشی: مەرج نییە هەژاران بێنە سەر شەقام، حکومەت ئەرک و مافی خۆی جێبەجێ ناکات و بەم شێوەیە خوێندکاران زەرەرمەندن و حکومەتیش دەیەوێت نەوەیەکی نەخوێندەوار بەرهەم بهێنێت، نایەوێ داوای مافی خۆیان بکەن.

 

جێی ئاماژەیە، گردبوونەوە و بایکۆتی خوێندن و دەوام لەلایەن مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە، دوای ئەوە دێت کە ٣ مانگ بەسەر کۆتا دابەشکردنی مووچەدا تێپەڕی و تا ئێستا هیچ مووچەیەک نەدراوە.