لە پانێڵێکدا باس لە چۆنیەتی ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی کوشتن و توندوتیژی ژنان کرا
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی، بە ئامادەبوونی چالاکوان و سیاسەتمەداران، لە بارەی "ڕۆڵی ڕاگەیاندن و توندوتیژی ژنان" پانێڵێکی ڕێکخست.
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆتێل هایکریس لە شاری سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بە بەشداری چالاکوانانی بواری ژنان، پارێزەران، سایەتمەداران و میدیاکارانی ڕاگەیاندنەکان لە باشووری کوردستان، بە ناونیشانی "چۆنیەتی ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا پانێڵێکی ڕێکخست.
لە پانێڵەکەدا هەریەک لە ڕێزان شێخ دلێر، پارێزەر و پەرلەمانتاری خولی سێیەم و چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ژیا عەبدولقادر، سەرۆک بەشی کاری کۆمەڵایەتی لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە زانکۆی سلێمانی، کارزان محەمەد، پسپۆڕ لە یاساکانی میدیادا بەشدار بوون.
ڕێزان شێخ دلێر، لە پانێڵەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، ڕووماڵکردنی ڕاگەیاندنەکان کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە و تاکەکان بەجێ دەهێڵێت و وتی: بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان هۆکاری دەرخستنی توندوتیژین بەرامبەر ژنان، کاتێک بڕیار لە هەموواری یاسای ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ درا، یەکێک لە ڕاگەیاندنەکان نووسیبوویان "هەواڵێکی دڵخۆشکەر بۆ پیاوان، کە دەتوانن بەبێ بوونی دادگا فرەژنی ئەنجام بدەن"، هەبوونی ئەم هەواڵانە توندوتیژی دەروونی و جەستەی لێ دەکەوێتەوە، هەروەها هەبوونی بەڕێوەبەرایەتیەکان بۆ کاتی توندوتیژی بەرامبەر ژنان کارێکی پێویستە، پێویستە هەبوونی بەرنامەیەکی پتەو لە نێوان ڕاگەیاندن و بەڕێوەبەرایەتییەکاندا هەبێت، هەروەها پێویستە ئەو فکرەی کۆمەڵگەی ئێمە بەرامبەر شەڵتەرەکان هەیانە بگۆڕدرێت، ژنان لە ماڵی داڵدەداندا جەستەیان پارێزراو دەبێت، دوور لەو پڕوپاگەندانەی دەکرێت، چوونی ژنان بۆ ماڵی داڵدەدانی ژنان بە بڕیاری دادگا وەردەگیرێت، لەژێر چاودێری دادوەر و توێژەرانی کۆمەڵایەتیدا کارەکان ئەنجام دەدرێت، هەروەها ڕاگەیاندنەکان بەبێ ویستی ژنان لێدوانەکانی لەگەڵ کەسانی دیکە دژ بەیەک بەکار دەهێنێت لە کاتێکدا میوان ئاگاداری هەبوونی ئەو بەرنامەیە بوبێت، هەبوونی ئەم شێوازە لە ڕاگەیاندن پێویستی بە دانانی سازای ڕاگەیاند دەبێت.
ژیا عەبدولقادر بابەتێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا، کوشتنی ژنان بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەکات، پیاوان ڕێگە بە خۆیان دەدەن لە ئەنجامی گومانێک هەڵبستن بە کوشتنی ژنێکی بێتاوان، لەدوای کوشتنیان بە هەبوونی تۆمەتی ناڕەوا و بڵاوکردنەوەی لە ڕاگەیاندنەکانەوە دیسانەوە ژنان تاوانبار دەکرێت، هەبوونی کولتووری نێرسالاری ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ ئەنجامدانی کوشتنی ژنان، وتی: کوشتنی ژنان لەلایەن ژنانەوە لە ئێستەدا وەک بەشێکی سروشتی و ژنبوونیان تەماشا دەکرێت، کە پیاوان لە ئەنجامی هەڵە تێگەیشتن و لە کۆنەوە یاساکان و بەشێک لە ئاینە کۆنەکان ڕێگەیان بە کوشتنی ژنان داوە، لەناو کوشتنەکاندا ڕاگەیاندنەکان ئەرکی گرنگ لەسەر شانیانە بۆ ڕووماڵکردنی ئەو کوشتنەی بەرامبەر ژنان دەکرێت، بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان لە کاتی کوشتنی ژنان بە ئاسانترین شێوە بکوژ دەهێننە سەر شاشەکان و بە شانازییەوە باس لە شێوازی کوشتنەکە دەکات، ئەو کەسە بە سەرکەوتنەوە باس لە کوشتنی ژنان دەکات، ئەمە دەبێتە هۆکاری دووبارەکردنەوەی لە لایەن گەنجانەوە، گەنجمان هەیە دەیەوێت دەربکەوێت لە هەر ڕێگەیەکەوە بێت کە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی ئەو کوشتنە وا دەزانێت ڕێگەیەکە بۆ دەرکەوتنی، یاخود پاراستنی شەرەفی ئەنجامداوە.
لە کۆتاییدا وتی: پابەندوونی ڕاگەیاندنەکان بە کەیسەکانی کوشتنی ژنانەوە، مامەڵەکردنێکی دروست لە کاتی ڕووماڵدا دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی کێشەکان، پێویستە ڕاگەیاندکاران ڕێز لە کەسایەتی کوژراو بگرن، کاتێک ژنێک دەکوژرێت پێویست ناکات لایەنی تایبەتی ئەو ژنە باس بکەین ئەم کەسە چۆنبووە و چی کردووە، پاراستنی شکۆی کوژراو بکرێت.
"پێویستە هەموو ڕۆژێک کار بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان بکرێت"
کەوسەر محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی، باس لەوە دەکات، ڕووبەڕووبوونەوەی ژنان بەرامبەر توندوتیژیەکان ئەرکی تاکەکانی کۆمەڵگەیە، وتی: بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیەکان تەنها لە ١٦ ڕۆژی بەرەنگاریدا تاوتوێ نەکرێت، پێویستە بەردەوام لە هەوڵی چارەسەر کردنی کێشەکانی ژنان بین، تەنها هەبوونی ئەو ١٦ ڕۆژە بۆ نوێبوونەوەیەکی کارەکانمانە، کێشەکانی ژنان زۆرە تەنها بە هەبوونی ماوەیەکی کەم ناتواندرێت باسی لێوەبکرێت، پێویستە بەردەوامیمان بۆ کارەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیەکان هەبێت.
لە کۆتایی پانێڵەکەدا بەشداربووان گفتوگۆیان لەسەر هۆکارەکانی کوشتنی ژنان و ئەرکی ڕاگەیاندنەکان کرد.