پەرستار نەفین ئەلدەواوسە لە ڕۆژی یەکەمەوە لەگەڵ گەلەکەی دایە

پەرستاری گەنج نەفین ئەلدەواوسە کە لە سەرەتای هێرشەکانی سەر غەززەوە فریاگوزاری سەرەتایی بۆ برینداران دەکات، سەرەڕای برینداربوونی بەردەوامە لە هاوکاریکردن و داوای لە گەل کرد دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە دژی شەڕی بەردەوامی غەززە.

ڕەفیف ئەسلیم

 

غەززە- هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە، لەو هێرشانەدا زیاتر لە ٤٤ هەزار فەلەستینی گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسیش بریندار بوون، لە غەززە کە ملیۆنان کەس ئاوارە بوون، خەڵک نیگەرانن لە داهاتوو.

 

نەفین ئەلدەواوسە کە ماوەی ٧ ساڵە لەگەڵ مانگی سووری فەڵستین کاردەکات، لە یەکەم ساتی هێرشەکانەوە نەیویستووە غەززە بەجێبهێڵێت و فریاگوزاری سەرەتایی بۆ بریندارەکان کردووە.

 

"زۆربەی بریندارەکان ژن و منداڵ بوون"

نەفین ئەلدەواوسە ڕایگەیاند، لە کاتی هێرشەکەدا کاتێک باڵەخانەیەکی فرە نهۆمی کە باپیر و مامی تێیدا دەژیا، داڕما، فریاگوزاری سەرەتایی بە بریندارەکان کرد و ئەم دۆخە زۆر قورس بووە بۆی و لەو ساتەدا نەیزانیووە چی بکات، وتی: کاتێک هەمووان ماڵەکانیان بەجێهێشت، من لەسەر کارەکەم بووم لە بنکەی تەندروستی ناو خوێندنگەی جیبالیا، ١٦ ڕۆژ لەوێ گەمارۆدرابووم. لەو ڕۆژانەدا چەندین جۆر ئەشکەنجە و ئازارم بینی، خواردن و ئاو نەبوو، هێرشەکان بۆ سەر ناوەندی پەناگە بەردەوام بوون، رۆژانە لانیکەم ٣٠ کەس بریندار دەبوون، زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

 

"نەمتوانی دەست لە بریندارەکان بەردەم"

نەفین ئەلدەواوسە باسی لەوەش کردووە، هەندێکجار بنکەی تەندروستی بەجێدەهێڵێت بۆ ئەوەی بریندارەکان هەڵبگرێت و بیانباتە نەخۆشخانە و وتی: ڕۆژێک پزیشک و پەرستارەکانی لەگەڵم پێیان وتم بەهۆی هەڕەشەکانەوە شوێنەکە چۆڵ دەکەن، بەڵام نەمتوانی بریندارەکان بەجێبهێڵم و لە خاڵە پزیشکییەکان بە تەنیا بن، دەنگێکی بەرز داوای لە هەمووان کرد شوێنەکانیان چۆڵ بکەن چونکە دوای کاتژمێرێک بۆردومانی دەکراین، لەو کاتەدا جانتای پزیشکی و هەندێک جل و بەرگم کۆکردەوە بەڵام دوای ١٠ خولەک ناوەندی پەناگە بۆردومان کرا و هەمووان دەستیان کرد بە ڕاکردن و بەجێهێشتن.

 

لەکاتی چارەسەرکردنی بریندارەکاندا خۆی بریندار دەبێت

نەفین ئەلدەواوسە ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی چارەسەرکردنی بریندارەکەدا، فڕۆکەکان بینیویانە و دەستبەجێ کردوویانەتە ئامانج و لە ئەنجامدا سەری برینداربووەو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لەو کاتەدا فیشەکەکان وەک باران بەرەو دەرگای دەرەوە دەهاتن، وەک ئەوەی بیانەوێت ئەو کەسانە بکوژن کە لەوێ ماونەتەوە، بۆیە ناچار بووم بە برینەکەمەوە دیوارەکە تێپەڕێنم، بازم داو ناوەندەکەم بەجێهێشت، بەڵام گوێم لە دەنگی منداڵێکی بچووک بوو کە دەگریا، تەمەنی لە چوار مانگ زیاتر نەبوو، هاتمەوە و لەگەڵ خۆمدا بردم.

 

"ئەوەی لە باکووری غەززە دەگوزەرێت قڕکردنێکی بەکۆمەڵە"

نەفین ئەلدەواوسە بەردەوام بووە لە ژێر گولـلەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و لە تەنیشت باڵەخانەکان خۆی پاراستووە، دوای ئەوە دۆخەکە کەمێک هێور بووەوە و گەیشتە ئەو دەروازەیە کە هێزەکانی ئیسرائیل پێی دەڵێن پاریزراو، لەوێ بەپێی فەرمانی هێزەکانی ئیسرائیل ژنەکان لە لایەک و پیاوەکان لە لایەکی تر وەستابوون.

 

یەکێک لە ژنەکان بە نەفین ئەلدەواوسەی وتووە: پێویستە ناسنامەکەت وەربگریت و لەگەڵ ٥ ژنی یەکەمدا بڕۆن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی نیشانەی چاوەوە دەموچاوت بپشکنن، وتی: لەو کاتەدا دڵم وەستا و لە خۆمم پرسی ئایا زەنگ لێدەدرێت و هێزەکانی ئیسرائیل دەمگرن، یان من و ئەم منداڵەی کە خێزانەکەی ناناسم تێدەپەڕین؟.

 

نەفین ئەلدەواوسەلە باکووری غەززەوە بە پێ بەرەو شارەکە ڕۆیشت، چۆن گەیشتە ئەوێ قسەی لەگەڵ دایکی منداڵەکە کرد کە ناچار بوو منداڵەکەی لای باوکی بەجێبهێڵێت و منداڵەکانی تری بباتە نەخۆشخانە، هەروەها باوکەکە لە بۆردومانەکەدا گیانی لەدەستدا، دوای چوار ڕۆژ منداڵە بچووکەکە گەیشتەوە دەستی خێزانەکەی.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا نەفین ئەلدەواوسە وتی: ئەوەی لە باکووری غەززە دەگوزەرێت کۆمەڵکوژییە، ئەگەر ئەم هێرشانە نەوەستن، کۆمەڵکوژی لە هەموو شوێنێک ڕوودەدات.