بۆردوومانی دەوڵەتی تورک بووەتە مەترسی بۆ پڕۆسەی سەرژمێری
بۆردوومانەكانی دەوڵەتی تورک گرفتی بۆ پڕۆسەی سەرژمێری درووستكردووە، بژمێرەکان ناچنە ئەو ناوچانەی مەترسیى بۆردوومانیان لەسەرە.
ناوەندی هەواڵ
ماوەی دوو ڕۆژە سەرژمێری گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەو لەم پڕۆسەیەدا بژمێرەکان دەچنە هەموو ناوچەیەک و ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن بۆ مەبەستی تۆمارکردنی ناوی هاوڵاتیان، بەڵام لەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان کە مەترسی هێرش و بۆردوومانیان لەسەرە، گرفت بۆ پڕۆسەکە دروستبووە.
سیروان محەمەد، سەرۆكی دەستەی ئامار و بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان لەبارەی مەترسی هێرشەكانی دەوڵەتی تورك لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری وتی: بۆردوومانەكانی سوپای توركیا گرفتی بۆ پرۆسەی سەرژمیری درووستكردووە، ناتوانین بژمێر بنێرینە ئەو ناوچانەی مەترسیى هێرشیان لەسەرە.
جێگای ئاماژەیە ڕۆژانە دەوڵەتی تورك بۆردوومانی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و هاوڵاتی مەدەنی و ژینگەكەی دەكاتە ئامانج، بەڵام تا ئێستا حكومەتی عێراق و كاربەڕێكەری هەرێم هیچ هەڵوێستێكیان نەبووە.