بۆ هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە ڕێکخراوی مەرزیە چالاکییەکیان ڕێکخست

ڕێکخراوی مەرزیە بۆ گەشەدانی هونەری بە هاوکار پزیشکانی نەخۆشخانەی هیوا سیمینارێکیان لە بارەی شێرپەنجەی مەمک ڕێکخست و چەند پارچە میوزیک و هۆنراوەیەکیشیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی مەرزیە بۆ گەشەدانی هونەری بە هاوبەشی لەگەڵ نەخۆشخانەی هیوا، پانێڵێکیان سەبارەت بە نەخۆشی شێرپەنجە ڕێکخست و چەند پارچە میوزیک و گۆرانی و هەڵبەستیان پێشکەشکرد.

 

هەریەک لە گوڵزار فەرەج، هۆنەر، ڕۆژگار عەبدوڵا، گۆرانیبێژ، گروپی میوزیکی مێخەک لە چالاکییە هونەرییەکەدا بەشداربوون.

 

زریان ئەحمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی نوێگەر وتارێکی بۆ ئامادەبووان خوێندەوە و وتی: ئامانجمان لە ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکییانە پشتیوانیکردنی تووشبووان و کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوایە، تا بتوانین هێز و وزەیان پێبدەین بۆ ڕوبەڕوو بوونەوەیان بەرامبەر شێرپەنجە، لە ڕێگەی کۆڕ و سیمنارەکانەوە ڕێنمایی بە کۆمەڵگە و خێزانی تووشبووان بدرێت، تا بتوانین نەخۆشخانەی هیوا و تووشبوون بە شێرپەنجە یەکسان نەکەین بە مەرگ.

 

سارا جەمیل، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیە شێرپەنجەییەکانی مەمک لە نەخۆشخانەی هیوا، زانیاری و هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی خستەڕوو و وتی: شێرپەنجە دابەشبوون و زۆربوونی چەندین خانەیە لە ناوچەیەکی لەشدا لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی لەش، لە ئەنجامی ئەم دابەش بوون و زۆربوونە گرێیەک دەردەکەوێت لە ئەندامێکی لەشدا، یەکێک لە سیفاتەکانی شێرپەنجە لە ڕێگەی خوێن و لیمفە گرێکانەوە بە لەشدا بڵاو دەبێتەوە، هەروەها شێرپەنجەی مەمک لە تەواوی جیهاندا بە دووەم باوترین شێرپەنجە دەناسرێت، ساڵانە نزیکەی لە ٪۳٠ هەموو شێرپەنجە نوێیەکانی مێینە دادەندرێت، بە زۆری لە ژنانی سەروو ٦۲ ساڵدا نیشانەکان دەردەکەوێت، بەڵام بەشێکی کەم لەو ژنانەی لە خوار تەمەنی ٤٠ ساڵەوەن نیشانەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە تێیاندا بەدی دەکرێت، بەگوێرەی ئەو داتایەی لە وڵاتی ئەمریکادا وەرگیراوە لە ۸ ژن یەکیان ئەگەری زۆری بە تووشبوون بە شێرپەنجە هەیە، ساڵانە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە لە ٪٠،٥ زیاد دەکات، ئەگەری مردن بە شێرپەنجەی مەمک لە ژناندا نزیکەی لە ٪۲،٦ ڕوودەدات، شیرپەنجە لەگەڵ چوونە ناو لیمفە گرێکانەوە بە ئاسانی بڵاو دەبێتەوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، نیشانەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک، گۆی مەمک، گرێ، ئاوسان، هەستیاری، گۆڕانی قەبارە و ڕەنگی مەمکە، هەروەها ناتواندرێت هۆکارەکانی بە ڕاستی دیاری بکرێت،بەڵام زۆرێک لە تووشبووان بەم هۆکارانە نیشانەکانی شێرپەنجەیان بۆ دەردەکەوێت، ڕێژەیەکی زۆر لە تووشبووان ڕەگەزی مێن، زیادبوونی تەمەن، هۆکارە بۆ ماوەیەکان، بەرکەوتنی تیشک، خواردنەوی ماددە کحولیەکان و جگەرە کێشان، بەشێکن لە هۆکارەکان، پێویستە ژنان لە کاتی گەرماوکردندا لە ڕێگەی ڕێکارە سەرەتایەکانەوە پشکنینی سەرەتای بۆ خۆیان ئەنجام بدەن، هەروەها شەش مانگ جارێک لەژێر چاودێری پزیشکی پسپۆڕدا پشکنین ئەنجام بدەن.

 

تریفە ئیبراهیم، ئەندامی ڕێکخراوی مەرزیە باس لە چالاکی ڕێکخراوی مەرزیە بۆ تووشبووانی نەخۆشخانەی هیوا بۆ نوژنها دەکات و وتی: ڕێکخراوی مەرزیە لە مانگی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەدا، وەک ئەرکێک هەڵساوە بە ئامادەکردنی چەندین چالاکی هونەری و تەندروستی بۆ پێدانی وزە بە تووشبووانی شێرپەنجە، ئامانج لە مەراسیمەکە سەرەتا ڕێنمای بدەین بە تەواوی بەشداربووان، لە ڕێگەی هونەریشەوە بە تووشبووان دەڵێین ژیان ڕەنگاو ڕەنگ ببینن تا بتوانن بە زووترین کات بگەڕێنەوە بارودۆخی ئاسای خۆیان..

 

لاوێن فەهمی، نوێنەری نەخۆشخانەی هیوا، باس لە مانگی ڕوبەرووبوونەوەی شێرپەنجە دەکات، دەڵێت: سەرەتاکانی تووشبوون بە شێرپەنجە لەلای تووشبووان زۆر سەخت دەبێت، پێویستیان بە پێدانی وزەی ئەرێنی لەلایەن خێزان و هاوڕێیانەوە دەبێت، هەر بۆیە هەبوونی چالاکییەکان بۆ تووشبووان و کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا کارێکی گرنگە، وزەی ئەرێنی دەدات بە تووشبووانی شێرپەنجە، هەروەها تووشبوونی شێرپەنجە یەکسان نییە بە مردن، پێویستە تووشبووان بەردەوام خۆیان پڕ لە زانیاری ئەرێنی بکەن تا بتوانن بەرەنگاری ببنەوە، خێزانەکان و پزیشکەکان بەردەوام بن لە پێدانی چارەسەر و هاوکاری دەروونی بۆ تووشبوو، بەڵام گرنگترین کار بۆ زوو بەرەنگاربوونەوەی دەبێت نەخۆش لایەنی دەروونی بەهێز و پتەو بێت تا لە بەرامبەر شێرپەنجە چۆک دانەدات.

 

لە کۆتاییدا وتی: ئێمە ڕۆژانە بەرکەوتەمان لەگەڵ تووشبووان دەبێت، بەهۆی پێشکەوتنی زانست و کۆمەڵگە ڕێژەیەکی زۆر لە تووشبووانی شێرپەنجە بەرەو باشبوون دەچێت، نەخۆشخانەی هیوا نەبێتە بێ هیوای بۆ تووشبووان و هاوڵاتیان، بەڵکو نەخۆشخانەی هیوا ببێتە هیوایەک بۆ بێ هیوایان، خێزانەکان لە کاتی تووشبوونی کەسێک لە خانەوادەکەیان هەوڵی باشکردنی لایەنی دەروونی تووشبووان بدەن، ئێمەش لە نەخۆشخانەی هیوا کارمەندان و پزیشکەکان بەردەوام هاوکاری سەردانیکەران دەبین.

 

لە کۆتایدا خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە نەخۆشخانەی هیوا و بە پێشکەشکردنی گۆرانی و میوزیک و هۆنراوە، چالاکییەکە کۆتایی هات.