ژنانی کۆچبەری لوبنان: دەبێت پشتگیری بەردەوام بێت

 ئەو ژنانەی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە لوبنانەوە کۆچیان کردووە و ئێستا لە دێرەزۆر نیشتەجێکراون، ڕایانگەیاند، خۆبەڕێوەبەری کاریان بۆ دەکات و هیوادارن پاڵپشتییەکە تەنانەت لەم بارودۆخە سەختەشدا بەردەوام بێت

زەینەب خڵەف

 

دێرەزۆر- دوای ئەوەی لە ٢٣ی ئەیلوول هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان زیادی کرد، ١٩ هەزار کەس لە لوبنانەوە چوونە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا، خۆبەڕێوەبەری ناوەندێکی قەیرانی بۆ هاوڵاتیانی لوبنان دامەزراند و کۆکردنەوەی ڕاگەیاند.

 

سەما حەمەد عەلی و مریەم خالید کە لە لوبنانەوە چوونەتە سووریا و لەوێشەوە بۆ دێرەزۆر لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا، باسیان لە گەشتی کۆچکردنیان کرد.

 

"خۆبەرێوەبەری بۆ ئێمە کەوتە ناو هەوڵدان"

سەما حەمەد عەلی تەمەن ٦٠ ساڵ کە لە ناوچەی هەجین لە کانتۆنی دێرەزۆر نیشتەجێ بووە وتی: باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شوێنەکانی دیکە سەلامەتترە، دوای زیادبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل ماڵەکەم بەجێهێشت، لە کاتی کۆچکردندا کێشەی زۆرمان هەبوو  یارمەتیمان بۆ خۆراک و گواستنەوە وەرنەگرت، خەڵکی لوبنان لە دۆخێکی زۆر سەختدان و پێویستیان بە یارمەتی هەیە، کاتێک لە سووریا پەڕینەوە چوار کاتژمێری پێچوو، دوای ئەو ڕۆژە سەختانە، کە گەیشتینە هەجین، کەوتینە خۆشییەکی پێناسە نەکراوەوە، خۆبەڕێوەبەری بۆ ئێمە کەوتە ناو هەوڵدان، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە پاڵپشتی و هاوکاریان کردین، هیوادارین لەم هەلومەرجە سەختەدا هاوکاری و هاوپشتی نێوان تاک و دامەزراوەکان بەردەوام بێت.

 

"بە جلەکانی بەرمانەوە کەوتینەڕێ"

مریەم خالید، کە بەناچاری لە لوبنانەوە کۆچی کردووە باسی لەوە کرد، دوای چوار ساڵ لەگەڵ خێزانەکەی گەڕاوەتەوە دێرەزۆر وتی: ژیانمان لە لوبنان ئاسایی بوو، کارمان دەکرد، بژێوی ژیانمان دابین دەکرد، کاتێک شەڕ هەڵگیرسا و بۆمبەکان کەوتنە خوارەوە، ناچار بووین لە ترسدا شوێنی خۆمان بەجێبهێڵین، هیچمان لەگەڵ خۆمان نەهێنا، بە جلوبەرگی بەرمانەوە کەوتینەڕێ، گەشتەکەمان بۆ سنوور زۆر سەخت بوو، تێچووی هێنانی کەسێک بۆ سەر سنوور ١٠٠ دۆلار بوو، دوای ئەوەی سنوورمان تێپەڕاند، چوار ڕۆژ لەسەر ڕێگاکان ماینەوە و دواجار گەیشتینە سووریا، لەبەر ئەوەی پارەمان نەبوو ڕووبەڕووی سەختییەکی زۆر بووینەوە، خەڵکێکی زۆر لەسەر سنوور کۆبوونەوە.

 

"بیر لەوە ناکەینەوە بگەڕێینەوە"

مریەم خالید ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک گەیشتوونەتە شام، بۆیان دەرکەوتووە کە نرخی ژوور لە هۆتێلە چۆڵەکاندا زۆر بەرزە و هیچ ژوورێکی چۆڵیان لە زۆرێک لە هۆتێلەکاندا نەدۆزیوەتەوە، نرخی ئۆتۆمبێلەکانیش زیادیان کردووە، ئەمەش سەختییەکانی دوو هێندە کردن، وتی: منداڵەکانم وتیان ون بوون، لەناو پاسەکاندا شوێن نەبوو، بۆیە منداڵەکان لەناو کۆریدۆرەکاندا دەخەوتن، هەفتەیەک لە شەقامەکاندا سەرگەردان بووین وەک ئەوەی ڕێگامان ون بووبێت، دوای ئەوەی گەیشتینە ئەم شوێنە، بۆمان دەرکەوت کە ئەم شوێنە سەلامەتە و بڕیارماندا بمێنینەوە، داوای هاوکاریمان لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ پێداویستییە سەرەتاییەکان، بەو پێیەی ئێمە گەڕاینەوە وڵاتەکەمان، دۆخەکەمان باشترە، هەست بە سەلامەتی دەکەین، سەرەڕای هەموو سەختییەکان لێرەدا ژیانمان ئاوەدان دەکەینەوە، ئیتر بیر لەوە ناکەینەوە ئەم شوێنە بەجێبهێڵین.