٩ براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پشتگیری لە "سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە" دەکەن.

٩ خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە جیهاندا نامەیەکی هاوبەشیان واژۆ کرد کە پشتیوانی لە هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە" لە ئێران دەکات و خوازیاری کۆتایی هێنان بە سیاسەتی سێدارەن.

ناوەندی هەواڵ

 

٩ براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە نامەیەکی هاوبەشدا بۆ ئاشتی، پشتیوانییان لە هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە " لە ئێران کرد و خوازیاری کۆتایی هێنان بە "سزای لەسێدارەدانی نامرۆڤانە" لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بوون.

 

شیرین عیبادی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و یەکێک لە واژۆکارانی ئەم نامەیە، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ ئەیلوول لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام دەقی نامەکەی بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە: "هەڵمەتی سێشەممەی نا لە سێدارەدان، یەکێکە لە پێشکەوتووترین هەڵمەتەکانی بەرگری لە مافی ژیان، کە بە هەوڵی ١٠ زیندانی سیاسی لە زیندانی قەزەل-حسار دەستی پێکردووە.

 

لەم نامەیەدا کە لەلایەن شیرین عیبادی، جودی ویلیامز، لیما گبوی، ئەلێکساندرا ماتڤیچوک، ئۆسکار ئاریاس، کایلاش ساتیارتی، تەوەکۆل کرمان، ڕیگۆبێرتا مێنچۆ و ماریا ڕاسا واژۆ کراوە؛ ڕاگەیەندراوە: لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان و پەرەسەندنی تەشەنەسەندنی لە ئێران، هەڵمەتێک لە ژێر ناوی "سێشەممە کانی نا بۆ سێدارە" - سێشەممە ڕەشەکان - لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە لایەن ١٠ زیندانی سیاسییەوە دەستی پێکرد. چالاکوانانی بەشدار لەم هەڵمەتەدا هەموو سێشەممەیەک وەک جۆرێک لە ناڕەزایەتی مانگرتن لە خواردن دەگرن؛ کە زیاتر لەو ڕۆژە زیندانیان ڕەوانەی سێدارە دەکرن، لە ماوەیەکی کورتدا ئەم هەڵمەتە سەرنجی چالاکوانانی مەدەنیی دیکە و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی لە ئێران بۆ لای خۆی ڕاکێشا، کە لەو کاتەوە پەیوەندییان بەو بزووتنەوە کردووە. ئێمە واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە پشتیوانی خۆمان بۆ هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە" ڕادەگەیەنین و خوازیاری کۆتایی هێنان بەم سزایە نامرۆڤانەین لە ئێراندا.

 

٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ١٠ زیندانی سیاسی لە زیندانی قەزڵحەسار لە پارێزگای ئەلبورز، لەوانە زەردەشت ئەحمەدی ڕاغیب، جەعفەر ئیبراهیمی، ئەحمەدرەزا حائری، لوقمان ئەمین پوور، مەیسەم دەهبانزادە، سەعید ماسووری، ڕەزا محەمەد حوسێنی، ڕەزا سەلمانزادە، حەمزە سەواری و سپهرئیمام جومعە، ڕایانگەیاند کە هەموو سێشەممەیەک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە لەسێدارەدانەکان لە ژێر ناوی "سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە"، مانگرتنێکی بە کۆمەڵ لە خواردن دەستپێدەکەن.